كۆبوونه‌وه‌ی بارزانی و كارته‌ر كۆتایی هات

:: PM:02:20:23/10/2016 ‌

كه‌مێك پێش ئێسته‌، كۆبوونه‌وه‌ی شاندی وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كۆتایی هات.

به‌یانی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م، ئاشتن کارتەر وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا لە رێگەی فڕۆکەخانەی هەولێرەوە گەیشتە پایتەختی هەرێمی کوردستان و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێ کرا و دواتر ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كۆبوونه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وه‌زیری ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان كه‌ وه‌زیری پێشمه‌رگه‌یه‌ به‌ وه‌كاله‌ت و ڕاوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشیش به‌شدار بوون، گفتوگۆ لەسەر دوا پلان و رێوشوێنەكان بۆ هەنگاوی دووەمی كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی مووسڵ كراوه‌ و باسی ئەو پێشڤەچوونانه‌ش كراوه‌ كه‌ تا ئێسته‌ كراون.

سەردانەكەی ئاشتن كارتەر وەزیری بەرگریی ئەمەریكا بۆ لای مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سێیەم سەردانی فەرمییە لە ماوەی سێ ڕۆژدا ئەنجامی بدات، یەكەم جار چووە لای سەرۆكی توركیا، پاشان سەرۆك وەزیرانی عێراق و ئەمڕۆ یەكشەمیش سەردانەكەی بۆ هەولێرە كە یەكێكە لە سێ پایتەختە گرنگەكە بەلای ئەمەریكاوە لە یەكلاكردنەوە و پلانەكانی شەڕی دژ بە داعش.

لە 10ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 دوای ڕاكردنی 60 هەزار چەكداری سوپا و پۆلیسی عێراق، شارەكە كەوتە دەست تیرۆریستان، رۆژی دووشەمیش 17 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر دوای دوو ساڵ و زیاتر لە چوار مانگ هێرش بۆ رزگاركردنەوەی شارەكە و وەدەرنانی تیرۆریستان دەستی پێ كرد.

مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراقە و یەكێكە لە شارە مێژوویییە بەناوبانگەكانی ناوچەكە و بەگوێرەی ئاماری 2013 ژمارەی دانیشتووانی، زیاتر لە دوو ملیۆن كەس دەبێت و هەریەك لە پێكهاتەكانی عەرەبی سونە و كورد و توركمان و مەسیحی و كوردانی ئێزیدی و شەبەك تێیدا نیشتەجێن، زێی دیجلە بەنێو شارەكە تێپەڕ دەبێت و كردوویەتی بە دوو بەشەوە و بە بەشی ڕاست و چەپی شارەكە ناوزەد كراوە.


وشە - كوردۆ شابان