خورماڵ.. ئێران خەریكی هەڵدانەوەی ناوچەكەیە

:: PM:10:21:12/04/2017 ‌
چەند ڕۆژێكە ستافێكی ئێران بە دوو ئامێری هەڵكەندنی زەوی (حەفارە) لە پشتی گوندی بانی بنۆكی سەر بە شارەدێی خورماڵ خەریكی گەڕان و هەڵكەندنی زەوین، سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ "وشه‌" ئاشكرای كرد كه‌ مه‌به‌ست له‌و گه‌ڕان و هه‌ڵكه‌ندنه‌ دۆزینەوەی ڕووفاتی سەربازی ئێرانییه‌ كە لە جەنگی ئێران – عێراق كوژراون، بەڵام خەڵكی ناوچەكە بە گومانن لەو مەبەستە.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌و گونده‌، كه‌ نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكرێت، به‌ "وشه‌"ی راگه‌یاند" ماوەی سێ بۆ چوار ڕۆژە كۆمەڵێك ئێرانی هاتوونەته‌ شوینێك لە نزیكی گوندەكەی ئێمە كە (قایلەخان)ی پێ دەڵێین، بە دوو ئامێری هەڵكەندنەوە خەریكی گەڕان و هه‌ڵكه‌ندنن لەناو زەویەكە و ئەڵێن بۆ دۆزینەوەی ڕووفاتی سەربازی ئێرانی هاتووین، بەڵام ناهێڵن كەس لە خەڵكی گوندەكە نزیكیان بكەوێت".

سەرچاوەیەك لە ئاسایشی خورماڵ بە "وشە"ی ڕاگەیاند، كە ئێران بەڕەزامەندی حكوومەتی هەرێم هاتوون و ئاسایش لێی ئاگادارە و بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕووفاتی سەربازە كوژراوەكانی ئێران هاتوون كە لە شەڕی هه‌شت ساڵەی عێراق كوژراون.
 
لەناو هاووڵاتییانی ناوچه‌كه‌ باس له‌وه‌ دەكرێت كە مەبەست لەو گەڕان و پشكنینە بۆ دۆزینەوەی شوێنەوار و كەرەستەی مێژووییە، چونكە ئەو سنوورە وەك ناوچەكانی دیكەی كوردستان مێژوویەكی كۆنی هەیە، دەیان ئەشكەوتی تێدایە كە لە كۆتایی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو، چه‌ندین ئاسەواری مێژوویی و كەرەستە كۆن تیایاندا دۆزراوەتەوە لەلایەن خەڵكی ناوچەكەوە، جگە لەوەی چەندان شوێنەواری گرنگی تێدایە كە مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای شارستانیەت و ژیانی مرۆڤ.

گوندی بانی بنۆك دەكەوێتە ناو زنجیرە چیای سورێنـە و نزیكترین گوندی ئەو ناوچەیەیە لە ئێرانەوە.

وشە: تایبەت 










وشە - عه‌لی سدیق