هه‌ریه‌ك له بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی، به سیاسه‌تی دووفاقانه سه‌رقاڵی چه‌واشه‌كردنی خه‌ڵكن، چونكه له هه‌رێمی كوردستان هه‌میشه داوای گفتوگۆی كورد ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ به‌غدا، كاتێكیش گفتوگۆكه دروست ده‌بێت، ڕه‌خنه‌ی لێ ده‌گرن و ده‌ڵێن هه‌رێم شكستی خواردووه.
هه‌فته‌ی ڕابردوو مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، به یاوه‌ری شاندێكی باڵای حزبه كوردستانییه‌كان جگه له گۆڕان و كۆمه‌ڵ، سه‌ردانی به‌غدای كرد و زنجیره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكوومی و حزبی له به‌غدا ئه‌نجام دا، دواتریش ڕاگه‌یه‌نرا كه سه‌ردانه‌كه سه‌ركه‌وتوو بووه و لێكتێگه‌یشتنی زیاتری دروست كردووه.
فازڵ به‌شاره‌تی، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ "وشه"ی ڕوون كرده‌وه، ئه‌و سه‌ردانه گرنگ بوو، به‌تایبه‌ت دوای ماوه‌یه‌كی زۆر له بوونی ناكۆكی قووڵ له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا.
باسی له‌وه‌ش كرد، ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئاستی ئه‌مه‌ریكاش ئه‌و سه‌ردانه به گرنگ وه‌سف كرا.
پێوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و ناوه‌ند به‌تایبه‌ت له ساڵی 2014ـه‌وه گه‌یشته دوا قۆناغی ناكۆكییه‌كان و به‌و هۆیه‌شه‌وه، نووری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشتری عێراق، بودجه و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی بڕی و تا ئێسته‌ش بۆی نه‌گه‌ڕێنراوه‌ته‌وه، له‌و نێوانه‌شدا پێوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و به‌غدا ئاسایی نه‌بوونه‌وه.
له به‌رامبه‌ر سه‌ردانه‌كه‌ی وه‌فدی هه‌رێم به سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ به‌غدا، هه‌ریه‌ك له بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی، كه‌وتنه ڕه‌خنه‌گرتن لێی كه نه‌ده‌بوو ئه‌و سه‌ردانه بكرایه، ئه‌مه له كاتێكدا پێشتر به‌رده‌وام داوای گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان ده‌كرد.
محه‌مه‌د حه‌كیم ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی كۆمه‌ڵی ئیسلامی، بۆ "وشه"ی ڕوون كرده‌وه، ئه‌وان له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانن له‌گه‌ڵ به‌غدا، به‌ڵام نه‌ك له دوای شكست.
ئه‌و پێی وایه، له ئێسته‌دا هه‌رێم شكستی هێناوه بۆیه سه‌رۆكی هه‌رێم چووه بۆ به‌غدا.
هاوكات ئاسۆ مه‌حموود، باژێڕوانی سلێمانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌وه‌ی ئاشكرا كرد، سه‌ردانه‌كه‌ی وه‌فدی هه‌رێم به سه‌رۆكایه‌تیی مه‌سعود بارزانی پێچه‌وانه‌ی بانگه‌شه‌كانی بووه.
ئه‌و به "وشه"ی گوت، "ئێمه دژی چوونه به‌غدا نین، هه‌ر له سه‌ره‌تاشه‌وه دژی ئه‌و ناكۆكییانه بووین كه له نێوان هه‌رێم و به‌غدا دروست بوو، به‌ڵام دژی ئه‌وه‌ین كه لێره بانگه‌شه‌یه‌ك بكه‌یت و دواجاریش هه‌ر بچیته‌وه به‌غدا".
زیاتر ده‌ڵێ، "ئێمه ده‌ڵێین كه ئێسته ده‌چیته‌وه به‌غدا واتا شكستی ئابووری و سیاسیت هێناوه، ئه‌ی بۆ دوو ساڵه ئه‌م هه‌رێمه‌تان دووچاری سه‌دان ته‌نگژه كرد؟".
به‌ڵام بۆچوونی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌و ڕووه‌وه جیاوازه و ئاشكرای ده‌كه‌ن، گۆڕان و كۆمه‌ڵ خه‌ڵك چه‌واشه ده‌كه‌ن.
به‌شاره‌تی ئاماژه‌ی به‌وه دا، ئه‌و سه‌ردانه زۆر گرنگ بووه و هیچ پێوه‌ندیشی به شكستی ئابووری و شكستی سه‌ربه‌خۆیییه‌وه نییه.
ئه‌و زیاتر ده‌ڵێ، "ئه‌و دوو لایه‌نه خه‌ڵك چه‌واشه ده‌كه‌ن، هه‌ر ماوه‌یه و قسه‌یه‌ك ده‌كه‌ن و به‌لایه‌نه‌وه گرنگه هه‌موو هه‌وڵێكی پارتی بۆ سه‌ربه‌خۆیی و چاره‌سه‌ركردنی ته‌نگژه‌كانی كوردستان بچووك بكه‌نه‌وه".
دوپاتی كرده‌وه، خه‌ڵكی كوردستان له‌وه هۆشیارترن هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆكی كوردستان و پارتی نه‌بینن و باوه‌ڕ به‌و قسانه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵ بكه‌ن.
وشه/ سلێمانی- شاد كه‌یوان