مێرگەسۆر.. فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا سێ هاووڵاتی دەكەنە قوربانی

:: PM:12:03:24/10/2016 ‌

سێ هاووڵاتی بەهۆی بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاوە لە سنووری مێرگەسۆر دەبنە قوربانی.

غەفوور ئەحمەد مەلا سوار قایمقامی شارۆكه‌ی مێرگه‌سۆر بە "وشە"ی راگەیاند: ئێوارەی دوێنێ یەكشەم، بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا، سێ هاووڵاتی لە شارەدێی "شێروان مەزن" سەر بە شارۆكەی مێرگەسۆر دەكەنە قوربانی كە دانیشتووی شارۆكەی سۆرانن و بەمەبەستی سەردانی گوندەكەیان روویان لە سنووری مێرگەسۆر كردووه.

قایمقامی مێرگەسۆر زیاتر گوتی: هەر سێ هاووڵاتییەكە كە دانیشتووی شارۆكەی سۆرانن بەناوەكانی "عیماد مەلا تەمر"، "حەربی عەلی" و "میقداد عەلی" شەهید بوون، دووانیان بران و بەیەكەوە روویان لە گوندەكانیان كردبوو. 

ناوبراو روونی كردەوە: ئەو هاووڵاتییانە گوند و ئاوایییان لە ماواتا لە شارەدێی شێروان مەزن سنووری مێرگەسۆر هەیە، بۆیە سەردانی ئەو دەڤەرەیان كردووە،  بەهۆی كردنەوەی ئاگر، توركیا وایزانیوە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)ن بەهەڵە بۆردومانی كردوون و هەرسێكیانی بەیەكەوە شەهید كردوون.  

غەفوور ئەحمەد هەروەها گوتی: ئەمڕۆ تەرمەكانیان دەگەڕێندرێنەوە سۆران و لە گۆڕستانی شارۆكەی سۆران بە خاك دەسپێردرێن.

قایمقامی شارۆكەی مێرگەسۆر ئاشكرای كرد، لە سنووری شارۆكەكەی ئێمە، 65 گوند بەهۆی بوونی پەكەكە ناوچەی قەدەغەكراون و هاتوچۆكردنیان لەسەر نییە و خەڵكەكەی هاتوونەتە ناوچە ئاوەدانەكان نیشتەجێ بوون، چونكە ئەگەر هاتوچۆی گوندەكانیشیان بكەن، لەلایەن پەكەكەوە رێگری و كێشەیان بۆ دروست دەبێت، هەروەها بەهۆی پەكەكەوە زۆر جار هاووڵاتیی سڤیل دەبنە قوربانی تۆپباران و بۆردومانەكانی توركیا . 

شایەنی باسە مێرگەسۆر، /144 كم باكوری رۆژهەڵاتی هەولێر/ ناوچەیەكی دەوڵەمەندە بە ڕەز و باخداری جگەلە سەنتەری شارۆكەكە، پێنج شارەدێی تریشی بەسەرەوەیە.

مێرگەسۆر – موڕشید برادۆستی


وشە - كوردۆ شابان