وەزیرێكی داعش لە مووسڵ كوژرا

:: AM:08:58:19/04/2017 ‌

سوپای عێراق كوژرانی بەرپرسێكی گەورەی ڕێكخراوی تیرۆرستی داعش و چەند پاسەوانێكی لە هێرشێكی ئاسمانیی هاوپەیمانان ڕاگەیاند.

هەواڵگری سەربازیی عێراقی لە بەیاننامەیەكدا كە وێنەیەكی دەست "وشە" كەوتووە ڕای گەیاندووە، دوای پێدانی زانیاریی ورد لەلایەن دەزگەكەیانەوە بە فڕۆكەكانی هاوپەیمانان، لە هێرشێكی ئەو فڕۆكانە توانراوە وەزیری كاروباری عەشایەری ڕێكخراوی تیرۆرستی داعش كە ناوی "ئەبو عەبدوڵای شەبەكی" بووە، لەگەڵ  دوو لە كوڕەكانی و كوڕی براكەی كە پاسەوانی بوون، لە ناوچەی زەنجیلی بەری ڕاستی مووسڵ كوژراون.

ناوبەناو سوپای عێراق كوژرانی بەرپرس و سەركردەكانی داعش بەهۆی هێرشی فڕۆكە و فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكانەوە لە شاری مووسڵ ڕادەگەیەنێت و تا ئێستە ژمارەیەكی زۆر لەو سەركردانەی كوشتووە.

لە 17ی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەری 2016، جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ دەستی پێ كرد، ئەویش پاش ئەوەی داعش لە حوزەیران/یۆنیۆی 2014  تەواوی شارەكەی داگیر كرد، هاوكات لە 24ی كانوونی دووەم/یەنایەری ئەمساڵ توانرا تەواوی بەری چەپی شارەكە لە داعش پاك بكرێتەوە، لە 19ی شوباتیش جەنگی ئازادكردنەوەی بەری راستی شارەكە دەستی پێ كردووە و تا ئێستە جەنگەكە بە سەختی بەردەوامی هەیە و چەندان گەڕەك كۆنترۆڵ كراوەتەوە.


وشە - سیروان