مەسعوود بارزانی: ئەوانەی رەخنە لە ریفراندۆم دەگرن لە دۆخەکە باش تێنەگەیشتوون

:: PM:12:48:20/04/2017 ‌
مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و زیگمار گابرێل چەند خولەکێک لەمەوبەر لە پرێس کۆنفرانسێکدا بۆ میدیاکان قسەیان کرد. بارزانی لە پرێس کۆنفرانسەکەدا سوپاسی حکوومەتی ئەڵمانیای کرد، کە لەکاتی تەنگانەدا یارمەتی هەرێمی کوردستانی داوە و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاش باسی لەوە کرد کە یارمەتییەکەی ئەڵمانیا راستە بۆ پێشمەرگە بووە بەڵام بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەڵمانیاش بووە.

مەسعود بارزانی  سوپاسی ئەوەشی لە ئەفسەرانی ئەڵمانیا کرد کە بە راهێنانەکانیان سوودیان بە پێشمەرگە گەیاندووە.

سەبارەت بە پرسی ریفراندۆم  سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی هەوڵی دانانی لیژنەیەک دەدەن بۆ ئەوەی کاتی ریفراندۆم دەستنیشان بکەن و ئەوانەیش رەخنەیان هەیە، لە دۆخەکە باش تێنەگەیشتوون، لە کاتێکدا ریفراندۆم بۆ ئەوەیە بزانرێت رای کوردستان چییە و لەو پڕۆسەیەشدا لەگەڵ بەغدا و لایەنەکانی تریش دەکەونە گفتوگۆ و مانای ئەوە نییە رێگەی توندوتیژانە هەڵدەبژێرن بەڵکوو رێگای ئاشتیانە هەڵدەبژێرن و پڕۆسەکە نەک بە قازانجی کورد بەڵکوو بە قازانجی هەمو لایەنەکانە لە ناوچەکە.

هاوکات زیگمار گابریل گوتی داعش  تەنیا هەڕەشە نەبووە بۆ سەر کوردستان بەڵکوو هەڕەشە بووە بۆ سەر ئەڵمانیا و ئەورووپاش و هەوڵەکانی پێشمەرگە جێگەی پیزانینە.

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە وەڵامی رۆژنامەنووسان پێداگری لەوە کرد کە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە گرینگە و دەبێت دوای داعشیش کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هاوکار بێت لە پیشکەوتنی کۆمەڵایەتی و پێشخستنی ژیانی خەڵک ونابێت جارێکی تر بکەونە دەستی خەڵکی توندڕەو.

ئەو سەبارەت بە پرسی ریفراندۆم و داهاتووی عێراق گوتی پرسەکە پێوەندیدارە بە  عێراق و هەرێمی کوردستان و خۆیان دەتوانن بڕیار بدەن و ئەوەی بە لای ئەڵمانیا گرنگە سەقامگیری و ئاشتییە و هەنگاوەکان دوور بن لە توندوتیژی.

جێگەی باسە دوێنێ لە بەغداوە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا گەیشتە  هەولێری پایەتەخت و لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق و ئیبراهیم جەعفەری وەزیری دەرەوە كۆ بووە وە و باسی پاڵپشتیكردنی عێراقی لە جەنگ لەدژی داعش كرد.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە میانی گۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە بەغدا رای گەیاند كە دۆخی مووسڵ ئاڵۆزە، بەڵام پێشبینی ئازادكردنەوەی تەواوی شارەكە بەمنێزیكانە كردەوە، هاوكات پاڵپشتیی وڵاتەكەی بۆ عێراق لە چەند پرسێكەوە پێشان دا لەوانە ئاوەدانكردنەوەی ناوچە ئازادكراوەكان و بنیاتنانی دەوڵەتێكی هەموو پێكهاتەكان.  


وشە - سلێمان تاشان