سه‌رۆكی لیژنه‌ی یه‌كێتیی ڕووسیا بۆ كاروباری ئاسایش و به‌رگری ئاشكرای كرد، مۆسكۆ ئاماده‌یه سیسته‌می به‌رگریی ئاسمانی پێشكه‌ش به حكوومه‌تی دیمه‌شق بكات و پێداویستی ته‌واویشی بۆ دابین بكات، ئه‌گه‌ر هه‌ردوولا له‌سه‌ر ئه‌و پرسه گه‌یشتنه ڕێككه‌وتن.
ڤیكتۆر ئۆزیرۆڤ سه‌رۆكی لیژنه‌ی كاروباری ئاسایش و به‌رگریی یه‌كێتیی ڕووسیا ئاشكرای كرد، له كاتی ڕێككه‌وتنی هه‌ردوو وڵات له‌سه‌ر پێدانی سیسته‌می به‌رگریی ئاسمانی به سووریا، ده‌توانین سیسته‌مه‌كان بگوێزینه‌وه بۆ سووریا و ئه‌مه‌ش كارێكی نائاسایی نییه و پرۆسه‌یه‌ی سروشتی ده‌بێت.
هه‌روه‌ها گوتی، سووریا ڕووبه‌ڕووی تیرۆر ده‌بێته‌وه و مۆسكۆش به هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشتیوانی ده‌كات، تا دیمه‌شق بتوانێ به‌هێزتر ڕووبه‌ڕووی تیرۆریستان ببێته‌وه.
ئاماژه‌ی دا، هه‌رچه‌ندی پێویست بێ، ڕووسیا ده‌توانێ ئه‌و بڕه سیسته‌می به‌رگریی ئاسمانی به سووریا بدات و دابینی بكات.
ئۆزیرۆڤ هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد، پێدان و بردنی سیسته‌می به‌رگریی ئاسمانی به سووریا پێچه‌وانه‌ی هیچ بنه‌مایه‌كی یاسای نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی نییه، چونكه ئه‌و سیسته‌مه به‌رگرییه ئاسمانییانه، چه‌كێكی به‌رگرین، نه‌ك هێرشبردن.