حزبى شیوعى: ده‌بێ مه‌به‌ست له‌ ریفراندۆم راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ بێت

:: PM:08:14:23/04/2017 ‌
حزبی شیوعی كوردستان راگه‌یه‌نراوێكى بڵاو كرده‌وه‌ و ئاماژه‌ به‌ ئه‌نجامدانی ریفراندوم له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌كات و راى ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ پێویسته‌ لیژنه‌یه‌كى هاوبه‌شى نێوان حكوومه‌ت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بۆ پێداچوونه‌وه‌ به‌ سیاسه‌تی ئابووری به‌ مه‌به‌ستی چاكسازی و چاره‌كردنی ته‌نگژه‌ی ئابووری له‌ كوردستان پێك بێت.

له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا كه‌ ئاراسته‌ى سه‌رجه‌م حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان كراوه‌ و ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 23ى نیسانى 2017 بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ تێیدا هاتووه‌، حزبی شیوعی كوردستان بابه‌تی به‌دیهێنانی مافی چاره‌ی خۆنووسین و بژاره‌ی ریفراندۆم وه‌ك میكانیزمێك بۆ جێبه‌جێكردنی به‌ بابه‌تێكی تێكۆشانی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌زانێت و راى گه‌یاند، ده‌بێت مه‌به‌ست له‌ ریفراندۆم كاركردن بێت بۆ راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی نیشتمانی سه‌ربه‌خۆ.

له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ى حزبى شیوعیدا هاتووه‌، پێویسته‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌ كوردستانییه‌كان نه‌خشه‌ رێگه‌یه‌كی روون بۆ كاركردن له‌ پێناو ئه‌نجامدانی ریفراندۆمێكی سه‌ركه‌وتوو دابرێژن كه‌ ببێته‌ مایه‌ی كۆكردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری و دانانی لیژنه‌یه‌كی پسپۆر له‌ تێكرای حزبه‌ كوردستانییه‌كان بۆ خوێندنه‌وه‌ى تێكرای ئه‌و نه‌خشه‌رێگه‌یانه‌ی كه‌ حزبه‌ كوردستانییه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی ته‌نگژه‌ی سیاسی له‌ كوردستاندا خستوویانه‌ته‌ روو.

هاوكات حزبى شیوعى چه‌ند خاڵێكى ترى خستووه‌ته‌ ڕوو كه‌ له‌ به‌شێكیدا هاتووه‌، لیژنه‌ی دانوستان له‌ گه‌ڵ حكوومه‌تی ناوه‌ند و دانانی لیژنه‌ی باڵای ئاماده‌كاری ریفراندۆم كه‌ سه‌رجه‌م هێزه‌كانی نێو په‌رله‌مان بگرێته‌ خۆی و نوێنه‌ری توركمان و ئاشووری كلدان سریانی تێدا بێت.

حزبى شیوعى داوا ده‌كات لیژنه‌ى باڵاى ئه‌نجامدانى ریفراندۆم له‌ هه‌رێمى كوردستان چه‌ند ئه‌ركێكى سه‌ره‌كى بگرێته‌ ئه‌ستۆ وه‌ك دامه‌زراندنی لیژنه‌یه‌كی راگه‌یاندن و دانانی كه‌ناڵێكی سه‌ته‌لایه‌ت به‌ زمانی عه‌ره‌بی و دامه‌زراندنی ناوه‌ندێكی هاوبه‌شی رێكخراوه‌ مه‌ده‌نی ونا حكوومییه‌كان.

هاوكات حزبى شیوعى كوردستان له‌و راگه‌یه‌نراوه‌دا كه‌ وه‌ك نه‌خشه‌ڕێگه‌ ناوى بردووه‌ ئاماژه‌ به‌ سه‌رله‌نوێ دامه‌زراندنه‌وه‌ی كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن و ده‌ستنیشانكردنى كاتى ئه‌نجامدانى ریفراندۆم ده‌كه‌ن، له‌ كۆتا خاڵیشدا داواى دانانی لێژنه‌ی هاوبه‌شی نێوان حكوومه‌ت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بۆ پێداچوونه‌وه‌ به‌ سیاسه‌تی ئابووری به‌ مه‌به‌ستی چاكسازی و چاره‌كردنی ته‌نگژه‌ی ئابووری له‌ كوردستاندا ده‌كه‌ن.
 


وشە - سه‌رخێڵ هاشم