دووكەڵی ڕەش منداڵانی مووسڵ دەخنكێنێ

:: AM:09:19:25/10/2016 ‌

تا لە هێرشی بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكان ڕزگاریان بێت، تیرۆریستانی داعش لەناو شاری مووسڵ ئاگری گەورە گەورە دەكەنەوە بە شێوەیەك بە جارێ شارەكەی تاریك كردووە، ئەمەش بووەتە هەڕەشە بۆ سەر منداڵانی ئەو شارە.

مەترسییەكە لەوەدایەوە، سەرچاوەی ئەو ئاگرانە، نەوتی ڕەشی بیرە نەوتییەكانی سنووری پارێزگای مووسڵە، تێكەڵ بە تایەی ئۆتۆمبێل و چاڵی قووڵ كە پڕ كراون لە تەقەمەنی،  هەموو ئەمانە ئاسمانی شارەكەی ڕەش كردووە، زیانەكانی ئەم دووكەڵانەش نە بۆ تیرۆریستانی داعشە و نە بۆ هێزە چەكدارەكانی ئازادكردنەوەی مووسڵە، چونكە هەردوولا دەمامكیان پێیە، ئەوەی كە كەوتووەتە ژێر ئەو هەڕەشانە، هاووڵاتیی شارەكەیە، بەتایبەتی منداڵان.

لە بەشی باشووری شاری مووسڵ، كارگەیەكی فۆسفۆری لێیە و ڕۆژ چوارشەمی هەفتەی ڕابردوو تەقێنراوەتەوە، بەڵام هێشتا دووكەڵەكەی بۆ سەر گەڕەكەكانی ناو شارەكە هەر ماوە، ئەوەش تێكەڵ بەو ئاگرانەی لەناو شارەكە دەكرێنەوە، پارچەیەك تارمایی گەورەی لە شارەكە دروست كردووە كە ڕەنگە زیانە تەندروستییەكانی بۆ چەند ساڵی داهاتوو بمێنێتەوە.

بەپێی بەیاننامەیەكی نەتەوە یەكگرتووەكان، تا ئێستە 600 بۆ 800 منداڵ بەهۆی تووشبوون بەو دووكەڵانەوە براونەتە نەخۆشخانەكان و دوو كەسیش تا ئێستە بەو هۆیەوە مردوون.

رۆژی 10ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 دوای ڕاكردنی نزیكەی 60 هەزار چەكدار لە چوار فیرقەی سەربازی سوپای عێراق و پۆلیسی ناوخۆیی شارەكە، تەواوی شاری مووسڵ كەوتە دەستی تیرۆریستانی داعش و پاش ئەوەی شارەكە داگیر كرا، ئەبوبەكر بەغدادی سەرۆكی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە مزگەوتێكی مووسڵ پەیامی بڵاو كردەوە و پاشان تیرۆریستان بەرەو ناوەڕاست و باشووری عێراق پێشڕەوییان كرد.

لە سەرەتاكانی مانگی ئاب/ئۆگستسی 2014، تیرۆریستان بەرەو كوردستان گەڕانەوە و پەلاماری ناوچە كوردستانییەكانیان دا بەرەو هەولێر هاتن و شارۆكەی مەخموور و گوێڕیان كۆنتڕۆڵ كرد، بەڵام لە شەوی 10 ئاب/ئۆگستسی 2014، فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا هاتنە وەڵام و یەكەم بۆردمانیان لە مەخموور و گوێڕ بۆ سەر تیرۆریستان ئەنجام دا.

رۆژی دووشەم 17 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر لە درەنگانی شەودا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستپێكی هەڵمەتی رزگاری شاری مووسڵی ڕاگەیاند و بۆ بەیانییەكەی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری خازر دەستیان بە پێشڕەوی كرد و توانییان تا نیوەڕۆ نۆ گوند لە تیرۆریستان پاك بكەنەوە ، هاوكات لە میحوەری گوێڕ-مەخموور و میحوەری گەیارەش هێزەكانی عێراق پێشڕەوییان كرد و هەڵمەتەكان لایەن هێزەكانەوە رۆژ دوای رۆژ بەردەوام دەبن و بازنەی گەمارۆدانی تیرۆریستان لە مووسڵ سات دوای سات بچووكتر دەبێتەوە.

مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراقە و یەكێكە لە شارە مێژوویییە بەناوبانگەكانی ناوچەكە و بەگوێرەی ئاماری 2013 ژمارەی دانیشتووانی، زیاتر لە دوو ملیۆن كەس دەبێت و هەریەك لە پێكهاتەكانی عەرەبی سونە و كورد و توركمان و مەسیحی و كوردانی ئێزیدی و شەبەك تێیدا نیشتەجێن، زێی دیجلە بەنێو شارەكە تێپەڕ دەبێت و كردوویەتی بە دوو بەشەوە و بە بەشی ڕاست و چەپی شارەكە ناوزەد كراوە.

سەرچاوەكان: شەرق ئەوسەت، جەزیرە.


وشە - كوردۆ شابان