له شارۆكه‌یه‌كی پارێزگای كه‌ركووك، بۆڕییەکی نه‌وتی ته‌قییه‌وه و دوای چه‌ندان سه‌عات لەلایەن هێزەکانی بەرگری شارستانییەوە كۆنتڕۆڵ كراوه‌ته‌وه.
ئەمڕۆ چوارشەم 26ی نیسان/ئەپریل، له شاره‌دێی سه‌رگه‌ڕان، بۆری نه‌وتیی ژماره 93 ته‌قێندرایه‌وه، دوای ئه‌وه‌ی تیمی فریاكه‌وتن گه‌یشتنه سه‌ری، بۆڕییەکی تری ئەو کێڵگە نەوتییە ته‌قییه‌وه و ئه‌مه‌ش وای كرد بۆ ماوه‌ی چه‌ندان سه‌عات ئاگره‌كه به‌رده‌وام بێت.
عه‌مید سەرحەد قادر، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەکانی کەرکووک لە لێدوانیکدا بۆ "وشه" رای گەیاند، ئێسته ئاگره‌كه كوژاوه‌ته‌وه و تا چەند سەعاتێکیتر به ته‌واوی شوێنه‌كه كۆنتڕۆڵ ده‌بێته‌وه.
بۆڕییە نەوتەکە ده‌كه‌وێته نێوان گونده‌كانی "دركه" و "سارتكه" له سنووری شارۆكه‌ی "سه‌رگه‌ڕان" 65 كم له شاری كه‌ركووك دووره، ناوچه‌یه‌كی عه‌ره‌بنشینه و پێشتریش چه‌ندان ته‌قینه‌وه‌ی لێ ئەنجام دراوە.
ساڵی 2014 دوای هاتنی داعش بۆ ناوچه‌كانی باشوور و ڕۆژئاوای كه‌ركووك و هه‌ڵاتنی سوپای عێراق، هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ئه‌و ناوچانه‌یان له هێرشی تیرۆریستان پاراست و ئێسته‌ش بیره نه‌وته‌كانی ئاڤانا و بای حه‌سه‌ن له ژێر سه‌رپه‌رشتی وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دان و به‌ڕێوه ده‌برێن.