خوێندنی باڵا کارئاسانی بۆ خوێندکارانی بەشی کوردی زانکۆی بەغدا دەکات

:: PM:01:29:26/04/2017 ‌
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ بووژانەوە و رێگریکردن لە داخستنی بەشی کوردی زانکۆی بەغدا جەند بڕیارێکی گرنگ دەردەکات و ئەو خوێندکارانەیش لە زانکۆی بەغدا کوردیان خوێندوە لە زانکۆکانی کوردستان بێ بەرامبەر وەردەگیرێن بۆ ماستەر و دکتۆرا.

ئەمڕۆ چوارشەم 26ی نیسان/ئەپریل وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، وەزیری خوێندنی باڵا لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەرۆکی بەشی زمانی کوردی کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی بەغداد بۆ بوژانەوە و رێگری کردن لە داخستنی بەشی کوردی زانکۆی بەغدا چەند بڕیارێکی دەرکردوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە دراوە، د حەیدەر ئەبو زەهرا سەرۆکی بەشی زمانی کوردی لە کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی بەغداد  رای گەیاند، شارەکانی خوار و ناوەڕاستی ئێراق لە هەر شوێنێکی دیکە زیاتر پێویستیان بەمامۆستای زمانی کوردی هەیە  و، لە ئێستاشدا بەخوێندنی بەیانیان و ئێواران 600 خوێندکارمان هەیە، وتیشی هەرچەندە کێشەی لۆجستیمان نیە، بەڵام کێشەی زۆرمان لە نەبونی ستافی زانستی هەیە، بۆ ئەوەش داوای لە وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کرد هاریکاریان بکەن بەدابینکردنی ستافی زانستی و، پێدانی کورسی خوێندنی باڵا/ ماستەر و دکتۆرا بە بەشەکەیان لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان.

زیاتر روون کراوەتەوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان و پەرەپێدانی بەشەکانی زمانی کوردی لە زانکۆی بەغداد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی چەند بڕیارێکی دەرکرد و ڕایگەیاند لە پڕۆژەی ناساندنی زمان و ئەدەبی کوردی  (Kurd Scholarship)  هاوشێوەی خوازیاران لە وڵاتانی دیکە ژمارەیەک کورسی خوێندن بۆ ئەو خوازیارانە تەرخان دەکەن کە لە زانکۆی بەغدادەوە دێن و دواتر لەو بەشە خزمەت بکەن، لەهەمان کاتدا هەر فەرمانبەرێکی بەشەکانی زمانی کوردی لە زانکۆی بەغداد لە خوێندنی باڵا/ ماستەر و دکتۆر لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان وەربگیرێت لە تەواوی کرێی خوێندن دەبەخشرێن و کارئاسانی تەواویش بۆ وەرگرتنیان دەکرێ، جگە لەوانەش هەر مامۆستایەک لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بڕۆنە بەشەکەکانی زمانی کوردی لە زانکۆی بەغداد سەرباری ئەو کرێی وانەیەی لە بەشەکە پێیی دەدرێت، لەهەمان کاتدا وەزارتیش مانگانە بڕێک پارەی وەک هاندان بۆ خەرج دەکات، بەشێوەیەک لە 500 هەزار دینار کەمتر نەبێت.

دووپات کراوەتەوە، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پێشنیازی بۆ وەفدی میوان کرد گرێبەستێک لەگەڵ زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بکەن بۆ ئەوەی خوێندکارەکانیان بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بێنە هەرێمی کوردستان و لێرە بمێننەوە بۆ ئەوەی ئاشنایی ژینگەی کۆمەڵایەتی و کەلتوری کوردستانیش ببن، هەروەک پێشنیازیشی کرد لەگەڵ بەشەکانی زمانی کوردی لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان کۆنفرانسی هاوبەش ببەستن، لە کۆتایی وتەکانیشدا د.یوسف گۆران وتی: ئەوەی بە ئێمە بکرێ بۆ خزمەتکردن بەزمانی و ئەدەبی کوردی درێخی ناکەین، چونکە زمان نەک هەر ناسنامەی نەتەوەیەکە، بەڵکو ئامرازی تێگەیشتن و نزیکبونەوە و ئاشنابونە بەکەلتور و مێژو جوگرافیای نەتەوەکانیشە.


وشە - هیدایه‌ت جان