داوادەكرێت کرێی بەشەناوخۆییەكان بكرێت بە قەرز

:: PM:03:44:26/04/2017 ‌

رێكخراوی ئەنجوومەنی گەنجانی كوردستان لەڕێگەی پڕۆژەیەكەوە داوا لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات كە بە بڕیاری وەرگرتنی پارەی قوتابیانی بەشە ناوخۆییەكاندا بچێتەوە.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمساڵی خوێندن بڕیاریدا بە وەرگرتنی بڕی 100 هەزار دینار لە هەر قوتابییەكی زانكۆ كە لە بەشەناوخۆییەكان دەمێننەوە ئەوەش نیگەرانی لێ‌ كەوتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 26ی نیسانی 2017 رێكخراوی ئەنجوومەنی گەنجانی كوردستان پڕۆژەیەكیان ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانسی كرد، كە بەپێی پڕۆژەكە داوای دواخستن یان وەرنەگرتنی ئەو پارەیە دەكەن.

لە پڕۆژەكەی ئەو رێكخراوەدا هاتووە، پێویستە پارەی وەرگرتنی بەشەناوخۆییەكان لە قوتابیان دوابخرێت تا ئەوكاتەی قوتابییەكە بڕوانەكەی وەردەگرێت لە زانكۆ و ئەوەش وەك ئاسانكارییەك بۆ قوتابیانی دەرچوو.

هەر لەپڕۆژەكەدا هاتووە، پێویستە ئەو پارەی لە قوتابیانی بەشە ناوخۆییەكان وەردەگیرێت بۆ خزمەتكردنی بەشە ناوخۆییەكان بەكار بهێنرێتەوە.







وشە - سه‌رخێڵ هاشم