نەتەوە یەكگرتووەكان: مووسڵ چاوەڕوانی كارەساتێكی گەورەی مرۆیی دەكات

:: AM:10:53:08/10/2016 ‌
نەتەوە یەكگرتووەكان لە راگەیەنراوێكدا لەبارەی دەست پێكردنی شەڕی مووسڵ هۆشداری دەدات و رای دەگەیەنێت، چاوەڕوان دەكرێت كارەساتێكی تری مرۆیی لەو شارەدا روو بدات.

مووسڵ دووەم شاری گەورەی عێراق لە 10ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014ەوە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە داگیر كراوە، دوای دوو ساڵ و چوار مانگ سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە پشتیوانی هاوپەیمانێتی دژی داعش بە سەرۆكایەتی ئەمەریكا، خۆیان ئامادە دەكەن بۆ گرتنەوەی ئەو شارە و نەتەوە یەكگرتووەكانیش هۆشداری روودانی كارەساتی مرۆیی دەدات.

كەشتی فڕۆكەهەڵگری "شارڵ دوگڵ"ی سوپای فڕەنسا بە 24 فڕۆكەوە لە رۆژهەڵاتی دەریای مدیترانە كەوتووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، تا ئێستە چەندان گەشتی ئاسمانی بۆ پشكنین و پلاندانان ئەنجام داوە و ئەو كەشتییە دەبێتە بنكەی سەرەكی هێرشەكانی فڕەنسا بۆ سەر مووسڵ.

نەتەوە یەكگرتووەكان لە راگەیەنراوەكەیدا كە شەوی هەینی 7ی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر بڵاوی كردووەتەوە، ئاشكرای كردووە، لە شاری مووسڵ و دەوروبەری هەزار بۆ چوار هەزار و 500 چەكداری داعش هەیە.

زیاتر روون كراوەتەوە، بەڵام سەتان هەزار هاووڵاتیی سڤیل لەناو مووسڵدا دەژین كە زۆرینەیان مسوڵمانی سونەن، بۆیە ئامانجێكی گونجاون بۆ تۆڵەكردنەوەی سەربازانی عێراقی كە زۆربەیان سەر بە حزبە شیعەكانی عێراقن، بۆیە نەتەوە یەكگرتووەكان نیگەرانە لە روودانی كارەساتیكی تری مرۆیی لە مووسڵ هاوشێوەی ئەو كاتی لەلایەن داعشەوە داگیر كرا و هەزاران هاووڵاتی بە شێوەیەكی دڕندانە كوژران و بە هەزارانیش ئاوارە بوون.

راگەیەنراوەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان دووپاتی كردووەتەوە، هێرشكردنە سەر مووسڵ گیانی هەزاران هاووڵاتی دەخاتە مەترسییەوە و سەتان هەزاری تریش ئاوارە و بێ ماڵ و حاڵ دەكات. ئاماژەیش دراوە كە تەنیا لە سێ مانگی رابردوودا نزیكەی 70 هەزار هاووڵاتی لە مووسڵ و دەوروبەری كەركووك رایان كردووە، بەڵام دەست پێكردنی شەڕی مووسڵ رەهەندی ترسناكتر و كارەساتی لێ دەكەوێتەوە.

وشە/ئاژانسەكان- هیدایەت جان


وشە - هیدایه‌ت جان