ماوه‌ى زیاتر له یه‌ك مانگه، حكوومه‌تی ناوخۆیی سلێمانی كه له‌لایه‌ن یه‌كێتی و گۆڕانه‌وه پێك هێنراوه، بڕیاریان ده‌ركردووه خه‌ڵكی هه‌ژار و كه‌مده‌رامه‌ت له‌سه‌ر عه‌ره‌بانه‌كان و ده‌ستگێڕه‌كانى ناوشارى سلێمانى ڕێگرییان لێ بكرێ و بێ سه‌رچاوه‌ی داهاتوو و بێكار بكرێن، بڕیار بوو شوێنیان بۆ دیاری بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه ته‌نیا بیانوویه‌ك بوو بۆ كپكردنه‌وه‌ی ناڕه‌زایی عه‌ره‌بانچی و ده‌ستگێڕه‌كان، نوێنه‌رى ده‌ستگێڕه‌كانیش ده‌ڵێت، چاوه‌ڕێین كاتمان بۆ دیارى بكه‌ن بۆ گه‌ڕانه‌وه.
حه‌سه‌ن ڕه‌شید، نوێنه‌رى عه‌ره‌بانه و ده‌ستگێڕه‌كانى ناو شارى سلێمانى به "وشه"ى ڕاگه‌یاند، دیاریكردنى شوێنێكى تایبه‌ت بۆ عه‌ره‌بانه‌كان تا ئێسته دیار نییه، قایمقامى شاره‌كه‌ش ته‌نیا شوێنێكى له به‌رده‌م مزگه‌وتى گه‌وره دیارى كردووه كه زۆر بچووكه و شوێنى ئه‌و هه‌موو عه‌ره‌بانانه نابێته‌وه كه زیاتر له چوار هه‌زار كه‌س له‌و شوێنه ئیش ده‌كه‌ن، چۆن ڕێیان ده‌بێته‌وه.
هه‌روه‌ها گوتی، ماوه‌ى زیاتر له مانگێكه له‌و شوێنه ده‌ركراوین و ڕێگه نادرێت عه‌ره‌بانه دابنرێت، ئێسته‌ش هه‌وڵ ده‌ده‌ین بگه‌ڕێینه‌وه شوێنى خۆمان و كاتمان بۆ دیارى بكه‌ن كه چ كاتێك بچینه‌وه ناو بازاڕ، ئایا له دواى سه‌عات چوار یان هه‌ر كاتێكى تر بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌شمان بۆ دیارى نه‌كراوه.
به‌گوێره‌ی بڕیاره‌كه‌ی به‌رپرسانی گۆڕان و یه‌كێتی، دوای ئه‌وه‌ی شوێن بۆ عه‌ره‌بانه‌كان دیاری ده‌كه‌ن، كرێی مانگانه‌یان لێ وه‌رده‌گیرێت، ئه‌مه‌ش نیگه‌رانی لای ئه‌و خه‌ڵكه كه‌مده‌رامه‌ته دروست كردووه و ئه‌وان ده‌ڵێن، ئه‌گه‌ر بژێویمان باش بووایه، كه‌س حه‌ز ناكات كاری له‌و شێوه‌یه بكات، به‌ڵام بۆ په‌یداكردنی قووتی منداڵه‌كانمان ناچارین كار بكه‌ین، ئه‌مه‌ش باشتره له‌وه‌ی بێكار دابنیشین.
شاره‌زایه‌كی ده‌روونی ده‌ڵێ، بێكارخستنی ئه‌و چوار هه‌زار كه‌سه له سلێمانی، دانیشتن له ماڵه‌وه و خه‌م خواردن به‌ده‌ست نه‌توانینی په‌یداكردنی قووت بۆ منداڵه‌كانیان، هانیان ده‌دات په‌نا بۆ كاری تری نایاسایی ببه‌ن، بۆیه پێویسته هه‌رچی زووه‌وه حكوومه‌تی ناوخۆیی سلێمانی شوێنیان بۆ دیاری بكات و به‌بێ كاریان نه‌هێڵێته‌وه.
غالب محه‌مه‌د، ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى سلێمانى به "وشه"ى ڕاگه‌یاند، ئه‌و عه‌ره‌بانه و ده‌ستگێڕانه كاسبى ده‌كه‌ن و بژێوى ڕۆژانه په‌یدا ده‌كه‌ن، ده‌بێت شوێنێكیان بۆ بدۆزرێته‌وه كه گرنگ بێت.
هه‌روه‌ها گوتی، ده‌بێت شوێنیان بۆ دیارى بكرێت، ئه‌وه‌ش بڕیارێكه له نێوان پارێزگار و قایمقامیه‌تى سلێمانى، له سلێمانیش زیاده‌ڕۆیى تر هه‌یه ده‌توانن ده‌ستى بۆ ببه‌ن، به‌ڵام هاووڵاتیش گله‌یى زۆرى هه‌بوو له‌و عه‌ره‌بانانه و داواى لابردنیان كرد.
سلێمانى/ هۆشیار عه‌لى