ئامانجی پشت هێرشەكەی مۆسكۆ چییە؟

:: PM:12:03:23/03/2024 ‌
شەوی ڕابردوو چوار چەكدار چوونە هۆڵێكی كۆنسێرت لە مۆسكۆی پایتەختی رووسیا، بە هەڕەمەكی تەقەیان كرد و ڕومانەشیان فڕێ دا بۆ ناو خەڵكەكە، ژمارەی كوژراوانی هێرشەكە تا ئێستە گەیشتووەتە 93 كەس كە سیانیان منداڵن.

 لەگەڵ بڵاوكراوەكەی داعش گوتی، ئێمە بووین ئەو كارەمان كرد، كۆمەڵێك پرسیاری بە دوای خۆیدا هێنا كە بۆچی ڕووسیا بە ئامانج گیرا و بۆچی چەند ڕۆژێك پێشتر ئەمەریكا هۆشداریی دابوو.

كۆنسێرتەكە لە هۆڵی شارەوانی كرۆكوس بوو كە نزیكەی 20 كیلۆمەتر لە كرێملینەوە دوورە، لەو كاتەدا هەموو چاوەكان لەسەر ئۆكراینا بوو كە دەبێت ئەوان ئەو كردەیان ئەنجام دابێت، بەڵام بەپێچەوانەوە داعشی خۆراسان كە لقی ئەفغانیی داعشە، بەرپرسیارێتی هێرشەكەی لە ئەستۆ گرت.

داعشی خۆراسانی لە كۆتاییەكانی ساڵی 2014 لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان سەریهەڵدا و هێرشەكانیان هەر لەناو ئەفغانستاندا بوو، لە مانگی ئەیلوولی 2022 بەرپرسیارێتیی خۆیان لە تەقینەوەیەكی خۆكوژی لە باڵوێزخانەی ڕووسیا لە كابول ڕاگەیاند.

باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە ڕووسیا لە هەشتی ئاداردا هۆشداریی دا، توندڕەوەكان پلانیان هەیە هێرش لە مۆسكۆ ئەنجام بدەن، بەڵام وەك هەمیشە مۆسكۆ ئەو زانیارییانەی ئەمەریكای بەهەند وەرنەگرت.

كۆلین كلارك لە سەنتەری سۆفان كە ناوەندی سەربەخۆیە بۆ لێكۆڵینەوە لە سیاسەتی دەرەوە دەڵێت، داعشی خۆراسان لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، سەرنجی خۆی لەسەر ڕووسیا چڕ كردووەتەوە و زۆرجاریش لە پڕوپاگەندەكانیدا ڕەخنەیان لە پوتین گرتووە.

مایكڵ كوگلمان لە سەنتەری ویڵسن كە بنكەكەی لە واشنتنە ڕای گەیاند، داعشی خۆراسان ڕووسیا بە هاوبەشی ئەو چالاكییانە دەبینێت كە بەردەوام لە مسوڵمانان دەدەن. هاوكات ئەم فشارانەش بۆ سەر مۆسكۆ بەشێكە لەو ستراتیجەی ڕۆژئاوا تا فشاری رووسیا لەناو شەڕی ئۆكراینا كەم بكەنەوە.

 




وشە - سۆران عەزیز