ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ چوار پڕۆژەیاسا كۆ دەبێتەوە

:: AM:09:24:27/03/2024 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، كۆ ببێتەوە و خوێندنەوە بۆ چوار پڕۆژەیاسا بكات، لە بڕگەی یەكەمدا خوێندنەوەی دووەم دەكرێت بۆ پڕۆژەیاسای خوێندنی زانكۆی حكوومیی تایبەت.

ئەمڕۆ چوارشەم 27ـی ئادار، بڕیارە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆ ببێتەوە، بەگوێرەی كارنامەی كۆبوونەوەكە، لە بڕگەی یەكەمدا خوێندنەوەی دووەم دەكرێت بۆ پڕۆژەیاسای خوێندنی زانكۆی حكوومیی تایبەت، لە بڕگەی دووەمیشدا خوێندنەوەی دووەم دەكرێت بۆ پڕۆژەیاسای خزمەتگوزارییەكانی گواستنەوەی ئاسمانی لە نێوان عێراق و رووسیا.

بڕگەی سێیەمی كۆبوونەوەكە، تایبەت دەبێت بە خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی ئەو داهاتانەی بە گەندەڵی براون، لە كۆتا بڕگەشدا خوێندنەوەی یەكەم دەكرێت بۆ پڕۆژەی هەمواری چوارەمی دەرچووانی پیشەی پزیشكی و تەندروستی.

هەرچەند چاوەڕوان دەكرا لە كۆبوونەوەكەدا بەرنامەی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەبێت، بەڵام تا ئێستە لایەنە سوننەكان لەسەر بەربژێرێك بۆ ئەو پۆستە رێكنەكەوتوون.



وشە - رامیار جەواد