عێراق لە پیسبوونی ژینگە لەناو 125 وڵات لە پلەی 124ـەمیندایە

:: AM:11:45:27/03/2024 ‌
عێراق بەجۆرێك ژینگەكەی پیس بووە، گەیشتووەتە ئاستی لە ڕیزبەندیی ئەو وڵاتانەی دنیا كە زۆرترین كاریگەریی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوایان لەسەر دەركەوتووە. عێراق لەناو 125 وڵاتدا لە پلەی 124ـەمین دێت، واتە خاوەنی دووەم پیسترین هەوایە لە دنیادا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی نەتەوە یەكگرتووەكان، عێراق پێنجەم زیانمەندترین وڵاتی دنیایە لە كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا و پیسبوونی ژینگە. لەلای خۆیەوە گۆڤاری "سی ئی ئۆ وێڵد"ـی ئەمەریكی كە تایبەتە بە بڵاوكردنەوەی پۆلێنكاریی وڵاتان لە بوارە جیاوازەكاندا، لە نوێترین پۆلێندا كە تایبەت بە كوالێتیی هەوا بڵاوی كردووەتەوە، عێراق لەناو 125 وڵاتدا لە پلەی 124ـەمین دێت، واتە خاوەنی دووەم پیسترین هەوایە لە دنیادا.

پسپۆڕان هۆكاری سەرەكیی پیسبوونی كەشوهەوای عێراق بۆ نەبوونی خزمەتگوزارییە پێویستەكان، كۆچی گوندنشینان بۆ شارەكان، زۆریی كارگە و كۆمپانیای بێ مۆڵەتی تەندروستی و زۆریی ڕێژەی ئۆتۆمبێل دەگەڕێننەوە. ئاماژە بەوەش دەدەن، هیچكام لە حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق، هەوڵی رژدیان بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە نەداوە.

زۆربەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەشی خوارەوەی لیستەكەدان، خاوەن پاكترین ژینگە لە ناوچەكەدا ئیسرائیلە كە لە پلەی 73یەمین دێت، پاشان سووریایە كە لە پلەی 78یە و توركیا لە پلەی 81 و ئێرانیش پلەی 105ـەمینیان گرتووە.



وشە - سۆران عەزیز