ئەمڕۆ هەڵمەتی نیشتمانیی كوتانە

:: AM:09:27:16/04/2024 ‌
وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، ئەمڕۆ هەڵمەتی كوتان دەست پێ‌ دەكات و پێویستە سەرجەم ئەو منداڵانەی كوتانەكە دەیانگرێـتەوە، بكوترێن و تەندروست بن.

ئەمڕۆ سێشەم 16ـی نیسان، لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی تەندروستیدا هاتووە، ئەمڕۆ كاتی هەڵمەتی نیشتمانیی كوتانە دژی نەخۆشیی سووڕێژە.

باس لەوەش كراوە، سووڕێژە نەخۆشییەكی ڤایرۆسی گواستراوەیە، وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی گرتنەبەری ڕێوشوێنەكانی پاراستنی تەندروستی هاووڵاتییان و نەوەكانی ئایندە، هەڵمەتێكی گشتگیر و فراوانی سەرانسەری لە هەرێمی كوردستان دەست پێ دەكات لەناو باخچەكانی ساوایان و قوتابخانە سەرەتاییەكان، هاوكات بەردەوامیش دەبێت لە زیادكردنی هۆشیاریی كۆمەڵگە لەبارەی كوتانی ڕۆتینی و مەترسییەكانی نەخۆشیی سوورێژە و هاندانی خێزانەكان بۆ كوتانی منداڵەكانیان و پێڕەوكردنی كوتانی منداڵەكانیان بەپێی خشتەی بڕیاردراو.

ئاشكرا كراوە، ئەم هەڵمەتە ماوەی 10 ڕۆژی كاركردن دەخایەنێت لە باخچەی ساوایان و قوتابخانە سەرەتاییەكان لە ڕێی سێ هەزار و 280 كارمەند، نزیكەی 873 هەزار و 191 منداڵ بە ئامانج دەگیرێن بۆ پێدانی كوتان بەم شێوەیەی خوارەوە: 

* ڕۆژی دەسپێكردن: سێشەم  16 / 4 / 2024
* ماوە 10 ڕۆژ
* شوێن: باخچەی ساوایان و قوتابخانە سەرەتاییەكان.
* تەمەنی منداڵ: منداڵانی باخچەی ساوایان و قۆناغی یەكەم تا قۆناغی شەشەمی سەرەتایی.
* ژمارەی منداڵانی: 873,191 منداڵ.
* ژمارەی سەردان: 10,916 سەردان.
* قوتابخانەكان: 3,981 قوتابخانە.
* ژمارەی كارمەندان: 3,280 كارمەند.
* سەرپەرشتاران: 1,100 سەرپەرشتار
* ژمارەی تیمەكان: 1,094 تیم.
* ناوەندی سەرپەرشتی: 27 ناوەند.
* گواستنەوەی تیم: 1,500 ئۆتۆمبێل.


وشە - رامیار جەواد