پوتین چەند ڕۆژێك پێش گرتنی سەدام چی پێ گوت؟

:: PM:04:08:19/04/2024 ‌

فلادیمێر چامۆڤ، باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق لە ساڵانس 2005-2008 لە بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنیی تازەدا، نهێنییەكانی ساتی گرتنی سەدام حسێن سەرۆكی ڕژێمی بەعس باس دەكات و دەڵێت، لە دوایین ڕۆژەكاندا باش دەیزانی شەڕ دەبێت و دەڕووخێن.

لەمیانەی زنجیرە بەرنامەیەكدا سەبارەت بە ڕووخانی ڕژێمی بەعس و گرتنی سەدام حسێن، تەلەڤزیۆنی RT ڕووسی/ بەشی عەرەبی، چاوپێكەوتنی لەگەڵ باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق لە ساڵانی دوای ڕووخانی ڕژێمەكە كردووە و تێیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە سەدام حسێن و تاریق عەزیزی بینیوە و هەردووكیان باش لەوە دڵنیا بوون كە بڕیاری شەڕ بەرانبەر عێراق دراوە، بۆیە دەیانویست هەرچۆنێك بێت بە كەمترین زیان لێی دەرباز بن، بەڵام هیچیان لەدەست نەهات، چونكە بڕیاری كۆتایی لەلایەن ئەمەریكا و ڕۆژئاواوە درا بوو كە دەبێت عێراق لە هاوكێشەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەربهێنرێت و تەواو لاواز بكرێت كە نەتوانێت لەناو هیچ یارییەكدا بێت.

فلادیمێر چامۆڤ ئەوەش دەخاتە ڕوو، ڕووسیا هەوڵی زۆری دا پێش ئەوەی شەڕەكە دەست پێ بكات، سەدام واز لە كورسییەكەی بهێنێت، بەڵام ئامادە نەبوو.  یافگینی بریماكۆف نێردەی فلادیمێر پوتین سەرۆكی ڕووسیا چووە لای سەدام و پێی گوت كە مۆسكۆ ئاگای تەواوی لە هەموو پلانەكانە و هەوڵ دەدات ڕای بگرێت یان هیچ نەبێت دوای بخات، بۆیە پێویستە دەست لە كار بكشێنیتەوە.

بەپێی گوتەی ئەو بەرپرسە دیبلۆماسییەی پێشووی ڕووسیا بێت لە عێراق، ئەو بڕیاری ئەنجوومەنی حوكمەی دوای ڕووخانی سەدام درا، ڕووسیا دەیویست پێش ئەوەی شەڕەكە ببێت، سەدام دەست لە كار بكێشێنێتەوە و ئەو ئەنجوومەنە دروست بكرێت و قوسەی كوڕی سەدام كە بە بەراورد بە عودەی زۆر لەناو خەڵكیدا بێزراو نەبوو، ببێتە سەرۆكی ئەنجوومەنەكە.

وا دیارە ملهوڕیی سەدام لەو ساتانەی كۆتاییشدا نەیهێشتووە ددان بە ڕووخان بنێت، بۆیە وەك لە چاوپێكەوتنەكەدا هاتووە، كۆبوونەوەی نێردەی سەرۆكی ڕووسیا و سەدام، تەنیا چوار خولەكی خایاندووە. كاتێك پێشنیازەكەی پوتینی پێ گوتووە، سەدام دەستی بە قاقای پێكەنین كردووە و دەستی خستووەتە سەر شانی بریماكۆف و پێی گوتووە، دواتر لەو بارەیەوە قسە دەكەین. كاتێك چوونەتە دەر، تاریق عەزیز پێی گوتووە، خۆتان 10 ساڵی تر بۆتان دەردەكەوێت چەندە سەركردەمان لەسەر حەق بووە.




وشە - عەبدوڵا عومەر