پارەیەكی زۆر بۆ چەند پڕۆژەیەكی هەولێر تەرخان كرا

:: AM:09:04:25/04/2024 ‌
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڵاوی كردووەتەوە، گوژمەی زیاتر لە یەك ملیار دینار بۆ سێ پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە شاری هەولێر خەرج دەكرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 25ی نیسان، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڵاوی كردووەتەوە، لەسەر داهاتی شارەوانی لە چەند فەرمانێكی وەزاریدا، ڕەزامەندیی درا لەسەر خەرجكردنی گوژمەی زیاتر لە یەك ملیار دینار بۆ جێبەجێكردنی سێ پڕۆژەی خزمەتگوزاریی قیرتاوكردنی شەقام و كۆنكرێتكردنی كۆڵان لە شاری هەولێر.

گوژمەكە لەسەر ڕێژەی 15%ی داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێرە، بەپێی پلانی شارەوانی بەمەبەستی جێبەجێكردنی پڕۆژەی دروستكردن و كۆنكرێتكردنی شەقامە ناوخۆییەكانی گوندی سوێری. هەروەها پڕۆژەی كۆنكرێتكردنی چەند شەقامێك لە گوندی گردەڕەشەی گەورە. پڕۆژەی دروستكردن و قیرتاوكردنی ژمارەیەك كۆڵان لە گەڕەكی سەربەستی، ئەو بڕە پارەیە خەرج دەكرێت.

ئەو پڕۆژانە كاریگەرییان لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەكانی ئەو شوێنانە دەبێت و بۆ زیاتر خزمەتكردنی شارەكەش، ژمارەیەك پڕۆژەی تر لە شاری هەولێر لەلایەن سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێرەوە جێبەجێ دەكرێن.


وشە - رامیار جەواد