بارانبارین بۆ 10 رۆژ بەردەوام دەبێت

:: AM:09:05:25/04/2024 ‌
شارەزایەكی كەشناسی بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی ئەو چاودێرییەی بۆ كەشوهەوای كۆتایی مانگ كراوە، پێشبینی بەردەوامیی باران بۆ 10 ڕۆژ دەكرێ‌.

ئەمڕۆ پێنجشەم 25ـی نیسان، كامەران كاكە شارەزای كەشوهەوا بڵاوی كردووەتەوە، لە بەردەوامیی بەدواداچوون و چاودێریماندا تێبینیمان كرد، لەو شەپۆلەی دابارین و هەورەتریشقە كە چاوەڕێ دەكرێ، پێشبینی دەكرێت وەك بڵێی لە چلەی وەرزی بارانبارین بێت نەك كۆتایی وەرز.

باسی لەوەش كردووە، مۆدێلی ئەمەریكی تایبەت بە چاودێری كەشوهەوا وای پێشان دەدا كە ناجێگیریی كەش و شەپۆلەكە، ماوەی 10 رۆژ بەردەوام دەبێت و رەنگە لە هەندێك ناوچە دابارین بگاتە 60 ملم و بگرە زیاتریش، بەدیاریكراوی نیمچەدوورگەی عەرەبی و سووریا و عێراق و هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە.

بەپێی گوتەی ئەو شارەزایە، لە ماوەی ئەو رۆژانەدا شێوە و چۆنیەتیی هاتنی نزمەپاڵەپەستۆكە، بە روونی هەر لە بەرگەهەوا و لەسەر ئاستی زەوی بەدیار دەكەوێت، هەروەها هاتنی ئەو شەپۆلە سەرەتایەكە لە بەدیاركەوتنی دیاردەی گۆڕانی كەشوهەوا لە ناوچەكەدا.



وشە - رامیار جەواد