کەشوهەوا... شەپۆلێک بەڕێوەیە 50 ساڵە بارانی لەم جۆرە لەم كاتەی ساڵدا نەباریوە

:: AM:10:58:26/04/2024 ‌
شارەزایەكی كەشناسی لەبارەی ئەو رەخنانەی لێی دەگیرێن لەسەر ئەوەی گوتبووی "50 ساڵە شەپۆلی بارانی لەم جۆرە لەم كاتەی ساڵدا نەباریوە" دووپاتی دەكاتەوە، ئەم قسەیەم دەبێتە 50 وانە بۆ ئەو كەسانەی دژی ئەو پێشبینیە دەوەستن و رەتی دەكەنەوە شەپۆلی لەم جۆرە روو لە كوردستان بكات. 

شاڵاو هیدایەت، شارەزای كەشناسی لە پێگەی خۆی لە فەیسبووك بۆ دووپاتى لە پێشبینییەكەی خۆی لەبارەی شەپۆلە بەهێزە چاوەڕوانكراوەكەى باران نووسیویەتی، چەند رۆژێكی تر لەگەڵ گەیشتنی شەپۆلەكەدا دەبێت بڵێین مێژوو تۆماری بكە.

شایانى باسە، چەند رۆژێكە شارەزایانی كەشناسی باس لە گەیشتنی شەپۆلێكی بەهێزی بارانی یەك هەفتەیی دەکەن لە كۆتایی ئەم مانگە و سەرەتای مانگی داهاتوو، هاوكات هۆشداریش درا بە جووتیاران لەوەی زوو دانەوێڵە پێگەیشتووەكانیان بدروونەوە، بۆ پاراستنی گەنم و جۆ لەو شەپۆلە باران و هەورەتریشقەیەی كە پێشبینی كراوە. 

پێشتر هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی كە شارەزایەكی كەشناسییە لە هۆشدارییەكدا بۆ جووتیاران گوتبووى، داوا لە جووتیارانی ناوچەی گەرمەسێر(گەرمیان) و قەراج و کەندێناوە دەکەین، ئەگەر دەغڵ و دانیان پێگەیشتووە هەرچی زووە پەلە بکەن لەدروێنەکردنى دەغڵەکانیان، چونکە ئەو شەپۆلی بارانبارینەی بەڕێوەیە بۆ ناوچەکەکانی گەرمیان بەهۆی کاریگەری نزمەپەستانی دەریای سوور، هەورەبرووسکەی بەهێز و تەرزەی بەهێزی لەگەڵ دایە، رەنگە زیانی زۆری هەبێت بۆسەر کێڵگە کشتوکاڵییەکان بەتایبەت بەرهەمی گەنم و جۆ.

لەسەر ئاستی فەرمیشدا وەزارەتی كشتوكاڵ رای گەیاند، ئەوەی پێشبینیكراوە لەبارەی كەشوهەواوە ناتوانرێ رێی لێ بگیرێ، بەڵام دەكرێ جووتیاران پابەندی رێنوێنییەكان بن و زیانەكان كەم بكەنەوە، بۆیە ئەو جووتیارانەی جۆیان پێگەیشتووە یا گەنمیان بە كەڵكی دروێنە دێت، پێویستە بیاندوورنەوە بۆ ئەوەی لە زیانەكانی باران، تەرزە و هەورەتریشقە پارێزراون بن.


وشە - رزگار خدر