بڕیارێكی تری حكوومەت لە سلێمانی كەوتە بواری جێبەجێكردن

:: PM:03:38:27/04/2024 ‌
شارەوانیی سلێمانی رای گەیاند، بڕیاری لێخۆشبوون 20%ـی لە قەرزەكانی شارەوانی كەوتە بواری جێبەجێكردن و هاووڵاتییان دەتوانن سەردانی بكەن و سوودمەند بن.

ئەمڕۆ شەموو 27ـی نیسان، سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی بڵاوی كردووەتەوە، بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، ژمارە 247ی 27ی ئاداری 2024، تایبەت بە لێخۆشبوونی 20%ی قەرزە كەڵەكەبووەكانی هاووڵاتییان، ئەمڕۆ كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە.

ئاماژە بەوەش دراوە، ئەو هاووڵاتییانەی كە قەرزاری شارەوانین وەك كرێی ساڵانەی كرێچێتی و خۆڵ و خاشاك و رسووماتی پیشەیی و هەڵواسینی تابلۆ، دەتوانن سەردانی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی بكەن و سوود لە داشكاندنی 20% وەربگرن و پاكتاوی قەرزەكانیان بكەن.

ئەو بڕیارە لە كاتێكدایە لە ڕۆژی چوارشەمی 26ـی ئادار، بەسەرۆكایەتیی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كۆبووەوە و نۆ بڕیاری گرنگی لە لێخۆشبوون بۆ هاووڵاتییان دا.





وشە - رامیار جەواد