لە جیهاندا 800 ملیۆن كەس برسین

:: PM:07:45:29/04/2024 ‌

سندووقی دراوی نێودەوڵەتی ئاشكرای دەكات، جیهان هیچ سوودێكی لە ئاڵوگۆڕی قازانج لە نێوان وڵاتاندا نەبینیوە، چونكە ڕێژەی هەژاری لە مەترسییەكی گەورەدایە.

كریستینا گۆرگیێڤا، بەڕێوەبەری سندووقی دراوی نێودەوڵەتی ڕای گەیاند، پێویستە بەروبوومی گەشەی ئابووریی جیهانی بەسەر تەواوی وڵاتاندا دابەش ببێت، چونكە جیاوازییەكی زۆر لە نێوان گەشەی ئابووریی وڵاتەكاندا هەیە.

ئەوەشی خستە ڕوو، ئێستە لە جیهاندا نزیكی 800 ملیۆن كەس بەدەست برسێتییەوە دەناڵێنن، ئەمەش مانای وایە، ئەو بەرنامەیەی بۆ بەشداریی گەشەی ئابووری دانراوە، هیچ سوودێكی بۆ وڵاتانی هەژار نەگەیاندووە و پێویستە گۆڕانكاری بەسەردا بێت.

بەڕێوەبەری سندووقی دراوی نێودەوڵەتی ئەوەش ئاشكرا دەكات كە ئابووریی جیهانی سەلماندی كە لە بەرانبەر تەنگژەكاندا پتەوە، ئەمەش بەهۆی بەڕێوەبردنی دارایی باشەوە، ئەوەی جێی داخە، نەتواندراوە وەك پێویست سوود بە وڵاتە هەژارەكان بگەیەنێت. ئێستە جیهان لە بەردەم دوو كێشەدایە، یەكەمیان لاوازیی گەشەی ئابووری بە بەراورد بە پێوەرە مێژووییەكان، ئەگەرچی ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی 3.2% گەشەی ئابووری هەبووە. كێشەی دووەمیش بریتییە لە جیاوازیی زۆری ئابووری نێوان وڵاتان. هەندێك لەو وڵاتان گەشەی ئابووری بەرچاو بەخۆوە دەبینن، هەندێكیش بەردەوام دادەبەزن.

كریستینا گۆرگیێڤا مەترسییەكان دەخاتە ڕوو و دەڵێ، ئەگەر چارەسەرێك بۆ ئەم كێشەیە نەدۆزینەوە، لە داهاتوودا ژمارەی برسی لە جیهاندا زیاتر هەڵدەكشێت.



وشە - عەبدوڵا عومەر