بە بەڵگە.. تەنیا بە پارەگۆڕینەوە 600 ملیۆن دۆلار لە خەڵكی دزراوە

:: PM:06:48:21/04/2024 ‌

بەپێی بەڵگەیەكی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق كە لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەی دۆسیەیەكی گەندەڵیدا لە گۆڕینەوەی دۆلاری هاووڵاتییان كاتێك گەشت بۆ دەرەوەی وڵات دەكەن، ئاشكرا بووە كە زیاتر لە 151 هەزار هاووڵاتی دۆلاریان بە نرخی فەرمیی بانك وەرگرتووە، بەبێ ئەوەی گەشت بكەن، ئەمەش واتە فرۆشتنەوەی ئەو پارانە لە بازاڕی دۆلار بۆ ئەوەی قازانجی لێ بكەن.

بەپێی ئەو بەڵگانە كە ماڵپەڕی "عالەم جەدید" بڵاوی كردووەتەوە، كۆی ئەو پارەیەی لەم فێڵكردنەدا پەیدا كراوە، گەیشتووەتە سەروو 600 ملیۆن دۆلار كە بە ناوی گەشت، دۆلارەكان لە بانكی ناوەندیی عێراق دەرهێنراون و خراونەتە بازاڕی ڕەشەوە و بە نرخی ڕۆژ فرۆشراونەتەوە. واتە هەر دۆلارێك بە 1300 دینار وەرگیراوە و لە بازاڕ بە 1500 دینار فرۆشراوەتەوە.

لەو لێكۆڵینەوەیەدا كە دیوانی چاودێریی دارایی ئاشكرای كردووە، پاش وردبینی لە فرۆشتنی ئەو پارانەی بانكی ناوەندیی عێراق بە گەشتیاران لە ماوەی حەوت مانگی یەكەمی ساڵی پاردا، دەركەوتووە كە ژمارەی گەشتیاران بەپێی پێگەی ئەلیكترۆنی گەیشتووەتە ملیۆنێك و 481 هەزار و 186 گەشتیار، لە كاتێكدا ژمارەی گەشتیاری ڕاستی كە سنووری عێراقیان بڕیوە، ملیۆنێك و 329 هەزار و 246 گەشتیار بوون، ئەمەش بە مانای ئەوە دێت كە 151 هەزار و 940 كەس بەناوی گەشتیارەوە پارەیان وەرگرتووە بۆ ئەوەی لە بازاڕی ڕەشدا بیگۆڕنەوە.

بەپێی ئەو ژمارەیەی كە سەروو ژمارەی گەشتیارە ڕاستەكانە، 607 ملیۆن و 760 هەزار دۆلار بۆ ساختەکارییەکە لە بانكی ناوەندی وەرگیراوە و لە بازاڕی دۆلاردا بە نرخی ڕۆژ فرۆشراوەتەوە.

بەپێی لێكۆڵینەوەكە، كۆی ئەو پارانەی لە سەرەتای ساڵی ڕابردووەوە لە 19ی ئەیلوولی هەمان ساڵ، بە ناوی گەشت لە بانكی ناوەندی دەرهاتووە، دەگاتە حەوت ملیار و 292 ملیۆن و 660 هەزار دۆلار.

دیوانی چاودێری لە ڕاپۆرتەكەیدا ئاشكرای دەكات، لە لیستی گەشتیاراندا كۆمەڵێك ژمارە و هێمای ناڕوون دانراوەن، بۆئەوەی لە فرتوفێڵەكەدا سوودی لێ بكرێت. تەنیا لەم جۆرە ناوە كە جێی گومانە، 76 ملیۆن و 590 هەزار دۆلار بە ڕێژەی چوار هەزار دۆلار بۆ هەر گەشتیارێك ڕۆیشتووە كە دەكاتە 19 هەزار و 145 گەشتیاری گوماناوی.














وشە - عەبدوڵا عومەر