لە مانگی پێنج پارەی بەرزكردنەوەی پلە بۆ مووچەخۆران خەرج دەكرێت؟

:: AM:08:58:30/04/2024 ‌
سەرجەم فەرمانگەكان و وەزارەتەكان سەرقاڵی ئامادەكردنی لیستی مووچەن بە دوو جۆر، یەكێكیان هاوشێوەی مووچەكانی مانگەكانی رابردووە و لیستی دووەمیش بە بەرزكردنەوەی پلە دەبێت.

ئەمڕۆ سێشەم 30ـی نیسان، "وشە" بەدواداچوونی بۆ ئەوە كردووە ئایا عێراق لە مووچەی مانگی ئایار، پارەی بەرزكردنەوەی پلەی فەرمانبەران خەرج دەكات؟، كۆمەڵێك وردەكاریی دەستكەوتووە.

عێراق ئەو لیستەی بە بەزركردنەوەی پلە پێی دەگات، دەیدات بە لیژنەی وردبینی و چاودێری، بۆیە بە ئەگەرێكی زۆر ئەو پارەیەی بۆ مووچەی بەزركردنەوەی پلە خەرج دەكرێ‌، لە مانگی پێنج ناگات، بەڵام بە تەواوبوونی و بە ڕێككەوتنی نێوان هەردوو حكوومەت، ئەوكات خەرج دەكرێت.

ئەوەیش زانراوە، خەرجكردنی پارەی بەرزكردنەوەی پلە سەرجەم وەزارەتەكانیش بەیەكەوە نابێت، بەڵكو دوای قبووڵكردنی لەلایەن لیژنەی وردبینی، هەر وەزارەت و فەرمانگەیەك پارەكەی بۆ خەرج دەكرێت.

لە بەدواداچوونەكانی "وشە" بۆ ئەو بابەتە دەركەوتووە، لیستەكە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق دێتە ناردن، ئەوەی دەمێنێتەوە كەی ئەوان قبووڵی دەكەن و دەیدەن بە لیژنەكە، چونكە بۆ گەڕانەوەی تەواوی پلەكان و پێدانی، پارەی پێویستە، وەزارەتی دارایی عێراق دەبێت بڕی 100 ملیار دیناری تر بۆ بەشە مووچەی هەرێمی كوردستان خەرج بكات، بەمەیش كۆی گشتیی پارەكە دەگاتە تریلۆنێك و 46 ملیار دینار.


وشە - رامیار جەواد