لەبارەی هەناردەكردنەوەی نەوت لە ڕێی توركیاوە بانگێشتی وەزیری نەوت بۆ پەرلەمان دەكرێت

:: AM:10:06:02/05/2024 ‌
لیژنەی نەوت و غازی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەم دووی ئایار، لەبارەی پرسی هەناردەكردنەوەی نەوت لە ڕێی توركیاوە میوانداری حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق بكات.

لیژنەی نەوت و غازی ئەنجوومەنی نوێنەران و وەزیری نەوتی عێراق لەبارەی جێگرەوەكانی هەناردەكردنی نەوت لە ڕێی توركیاوە، گفتوگۆ دەكەن و ئەندامێكی لیژنەكەش دەڵێت: دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت ئەستەمە.

بەهادین نووری ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز ڕای گەیاند، دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت لە رێی توركیاوە ئەستەمە، چونكە توركیا داوای سڕینەوەی ئەو پارانە دەكات كە لەسەری كەڵەكە بوون، ئەمە جگە لەوەی كوردستان داوا لە حكوومەتی فیدراڵی دەكات شایستەی دارایی كۆمپانیاكانی نەوت بدات.

بەهادین نووری ڕاشی گەیاند، لیژنەی نەوت و غاز لەگەڵ وەزیری نەوتدا باس لە جێگرەوەكانی هەناردەكردنەوەی نەوت لە ڕێی توركیا و ئەو زیانانە دەكات، كە بە هۆی ڕاگرتنی نەوت لە ساڵی ڕابردووەوە بە عێراق كەوتووە.

بەپێی بڕیارەكەی دادگای نێوبژیوانی پاریس، دەبێت توركیا بڕی ملیارێك و 500 ملیۆن دۆلار قەرەبوو بداتە عێراق، تا ئێستەش دیار نییە ئەو پارەیە توركیا دەیدات یان یان لێی خۆش دەبن، هاوكات چەندان گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن لە نێوان كوردستان و عێراق هاتوونەتە ئارا بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان، بەڵام تا ئێستە دیار نییە كەی و چۆن نەوتی كوردستان هەناردەی دەرەوە دەكرێت.

وەزیری نەوتی عێراق لەمبارەیەوە گوتبووی هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان، تەنیا رێككەوتن لەسەر تێچوونی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی ماوە.



وشە - سۆران عەزیز