پڕۆژەی هەژماری من تا كۆتایی ئەمساڵ سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان تۆمار دەكات

:: AM:10:58:04/05/2024 ‌
تیمی "هەژماری من" لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، "پڕۆژەی  هەژماری من بەشێكە لە میكانیزمی بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەران، هەمان پڕۆژەیە كە لە عێراقدا هەیە بەناوی پڕۆژەی تەوتین، بەڵام جیاوازیی بنەڕەتی هەیە لە پێشكەوتن و خزمەتگوزارییەكانیدا لەگەڵ ئەوەی لە عێراقدا بەناوی تەوتینەوە دەكرێت.
 
تیمی هەژماری من لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە بەشێوەی نووسراو وەڵامی پرسیارەكانی رووداوی داوەتەوە دەڵێت، "پڕۆژەی هەژماری من تا كۆتایی ئەمساڵ لە تۆماركردنی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان تەواو دەبێت."

 لە دواین سەردانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی رێككەوتن لەسەر ئەوە كراوە كە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، بخرێتە سەر بانكی بازرگانیی عێراق  TBI، پاشان بگوازرێتەوە ناو پڕۆژەی هەژماری من. 

 جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (ئێكس) بڵاوی كردەوە، لەم بابەتەدا نایانەوێ نە قۆرخكاریی بەغدا هەبێت و نە هی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵكو بە پێچەوانەوە، دەیانەوێ زۆرترین بژاردە لە بانكە حكوومی و ئیسلامی و نێودەوڵەتی و تایبەتەكان بخەنە بەردەستی هاووڵاتییان.

لە نووسراوێكدا بۆ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاندووە، بەڕێزتان ئاگادار دەكەمەوە لە رێككەوتنی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بانكی بازرگانی عێراق (TBI) لە پرۆسەی هەژماری منی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بەو پێیەی ئەو بانكە، بانكێكی حكوومی فیدراڵییە.

ئەو نووسراوە هاوپێچی نووسراوێكی تری وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان كە ئاراستەی بانكی بازرگانی عێراقی كردووە، ڕەزامەندیی دەربڕیوە بێتە ناو هەژماری منەوە.





وشە - سۆران عەزیز