ئەنجوومەنی پارێزگاكان تا هەڵبژاردن لە كاركردن بەردەوام دەبن

:: AM:10:19:10/05/2017 ‌

لیژنەی یاسایی پەرلەمانی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دووپات لەوە دەكاتەوە كە كاری ئەنجوومەنی پارێزگاكان بەردەوام دەبێت تا ئەوكاتەی وادەیەك بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو دادەنرێت لەلایەن پەرلەمانەوە و هەڵبژاردنەكە ئەنجام دەدرێت.

ئاژانسی هەواڵی نیشتمانیی عێراق (نینا) لە زاری كامیل زەیدی پەرلەمانتار و ئەندام لە لیژنەكە ڕای گەیاند، درێژكردنەوەی كاری ئەنجوومەنی پارێزگاكان پێویستی بە پەرلەمان نییە و ناشبێتە هیچ پێشێلكردنێكی یاسایی یان بۆشایی دەستووری، چونكە كۆمیسیۆن بەهۆی هۆكاری هونەری و دارایی و تەناهییەوە دوای خستووە.

هەروەها گوتی، ماوەی یاسایی كاری ئەنجوومەنی پارێزگاكان بەشێوەیەكی فەرمی لە یەكی ئایار/مایۆوە تەواو بووە، بۆیە پێویستە یان كاری ئەنجوومەنەكان درێژ بكرێتەوە یان ئەندامی تازە هەڵبژێردرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەڵبژاردنەكان بۆ 16 ئەیلوول/سێپتێمبەری داهاتوو دوا خراوە، ئەوا تا كاتی هەڵبژاردنەكە ئەوا ئەنجوومەنەكان دەتوانن كاری خۆیان بكەن و بەردەوام بن، ئەمەش هیچ بۆشایییەكی یاسایی یا دەستووری دروست ناكات.

جێی ئاماژەیە ئێستە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گفتوگۆ لەسەر ڕاپۆرتی پڕۆژە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان و شارۆكە و شارەدێكان دەكات، بێ ئەوەی كاتی هەڵبژاردن لە یاساكە دیاری بكرێت.



وشە - سیروان