سبەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق خشتەكانی بودجەی 2024 پەسند دەكات

:: PM:04:51:06/05/2024 ‌

خەریكە شەش مانگی یەكەمی ساڵی 2024 تەواو دەبێت و هێشتا بودجەی 2024ی عێراق رەوانەی پەرلەمان نەكراوە بۆ پەسندكردن و جێبەجێكردنی، چەند جارێكە لە میدیاكان باسی تەواوبوونی لە وەزارەتی دارایی دەكرێت، راوێژكارێكی دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق دووپاتی كردەوە كە بڕیارە سبەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق خشتەكان پەسند بكات و رەوانەی پەرلەمان بكرێت.

مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق پێشبینی كرد سبەی سێشەم ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تاوتوێی خشتە داراییەكانی بودجەی 2024 بكات و پەسندیان بكات، دوای ئەوە لە نزیكترین كات رەوانەی پەرلەمان دەكرێن، روونی كردەوە، تا ئێستە رێژەی كورتهێنان لە بودجەكە دیار نییە و بەپێی خشتەكانی ئەنجوومەنی وەزیران پەسندیان دەكات دیاری دەكرێن، ئینجا رەوانەی پەرلەمان دەكرێن.  

تا ئێستە هۆكاری راستەقینەی رەوانەنەكردنی خشتە داراییەكانی بودجەی 2024 بۆ پەرلەمانی عێراق دیار نییە، بەپێی لیژنەی دارایی پەرلەمان دەبوایە ئەنجوومەنی وەزیران لە سێشەمی رابردوو دەنگی لەسەر خشتەكان دابوایە و رەوانەی پەرلەمانی بكردایە، بەڵام ئەوە نەكرا، كە دوای رەوانەكردنی بۆ پەرلەمان لەوێش جارێكی تر گفتوگۆیەكی چڕی لەسەر دەكرێت بەر لە پەسندكردنی لەلایەن پەرلەمانتارانەوە.

ئەگەرچی بودجەی سێ ساڵی عێراق، واتە بۆ ساڵەكانی 2023 و 2024 و 2025 لە 12ی حوزەیرانی ساڵی رابردوو هاتە پەسندكردن، بەڵام لە 2023 بودجەكە بە تەواوی خەرج نەكرا و تەنیا بودجەی بەكارخستن هاتە خەرجكردن، بۆ ئەمساڵ بودجەكە هەیە و خشتەكانی دەستكاری كراون و تەنیا پێویستی بە پەسنكردنی پەرلەمان هەیە، بەڵام بەهۆی رێژەی گەورەی كورتهێنان، وەك شارەزایان ئاماژەی بۆ دەكەن، زەحمەتە دوای پەسندكردنیشی لە پەرلەمان وەك خۆی جێبەجێ بكرێت.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل