هۆكاری گرانبوونی ماسی ئاشكرا كرا

:: PM:02:13:08/05/2024 ‌
ماوەی دوو مانگە نرخی ماسی بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە، بەرپرسێكی عێراقیش دەڵێت، دواین بڕیارەكان بۆ نەهێشتنی حەوزەكانی قوڕ وایكرد هێندەی تر نرخەكەی گران بێت.

ئەمڕۆ چوارشەم هەشتی ئایار، حاتەم فەیسەڵ بەرپرسی هۆبەی ماسی لە بەشی ئاژەڵداری لە وەزارەتی كشتوكاڵ رای گەیاند، بەرزبوونەوەی نرخی ماسی لەمدواییانەدا چەند هۆكارێكی هەیە، چونكە رۆژانە نزیكەی 800 ماسی لە دەست دەدات و ساڵانە هەزار تۆن لەم سامانە كەم دەبێتەوە.

زیاتر گوتی، هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی ماسی بە پلەی یەكەم كەمیی ئاوە بەگشتی و بەهۆی ئەو گەمارۆیەی كە لەلایەن وڵاتانی دراوسێ و سەرەوەی ئاوەوە بەسەر عێراقدا سەپێنراوە، بەو پێیەی ئەو ئاوەی لە توركیاوە بەردەدرێتەوە، ساڵانە بە نزیكەی 70 ملیار مەتر سێجا مەزەندە كرابوو، ئێستە گەیشتووەتە كەمتر لە 20 ملیار مەتر سێجا، واتە ڕێگریی لە نزیكەی 50 ملیار مەتر سێجا كردووە.

باسی لەوەش كرد، لەلایەن وەزارەت بڕیار بۆ لەناوبردنی كێڵگە و حەوزە قوڕاوییەكان لەلایەن وەزارەتی سامانە ئاوییەكانەوە، هۆكارێكە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی ماسی.

ئاماژەی بەوەش دا وەزارەت داوای لە بەخێوكەرانی ماسی كردووە، شێوازی بەخێوكردنی ماسی بگۆڕن بۆ سیستمی داخراو كە تێچووەكەی زۆر گرانە، جگە لە نەبوونی پشتگیریی حكوومەت بۆ بەخێوكەرانی ماسی ناتوانن دابینی بكەن.

بەگوتەی ئەو بەرپرسە قەبارەی بەرهەمهێنانی ماسی لە عێراقدا، ساڵانە بە نزیكەی یەك ملیۆن تۆن خەمڵێنراوە، ئێستە ساڵانە بە 200 هەزار تۆن بەرهەم هەیە، ئەمەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی ماسی لە بازاڕە ناوخۆییەكان.

ئێستە نرخی كیلۆی ماسی لە عێراق و هەرێمی كوردستان لە نێوان حەوت هەزار بۆ نۆ هەزار دینارە.



وشە - رامیار جەواد