لە سەعدیە هێرش كرایە سەر ئۆتۆمبێلێكی سەربازی

:: AM:11:57:13/05/2017 ‌

سەرچاوەیەكی تەناهیی عێراقی ئاشكرای كرد، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ شەموو لە شارەدێی سەعدییەی پارێزگای دیالە، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراوەوە  دوو سەربازی سوپا بوونە قوربانی.

ئاژانسی نیشتمانیی عێراق (نینا) ئەمڕۆ شەموو لە زاری سەرچاوەیەكی تەناهییەوە ڕای گەیاند: بەیانی ئەمڕۆ لەكاتی تێپەڕینی ئۆتۆمبێلێكی سەربازی سوپای عێراق لە نزیك گوندی ڕەبیعەی سەر بە شارەدێی سەعدییە لە باكوری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای دیالە، بۆمبێكی چێنراو پیایاندا تەقییەوە.

سەرچاوەكە ڕوونی كردەوە، لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبە چێنراوەكە سەربازێك كوژراوە و یەكێكی تریش بریندار بووە.

ئاماژەی داوە كە دەستبەجێ هێزێكی سەربازی گەیشتوونەتە شوێنی مەبەست و دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردووە.

دوێنێ هەینی سەرچاوەیەكی تەناهیی عێراقی ڕای گەیاند، هێزە سەربازییەكانی عێراق پرۆسەیەكی سەربازییان لە باكوری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای دیالە دژی شانە نوستووەكانی داعش دەست پێ كردووە و لە دوو میحوەرەوە بەئاراستەی حەوزی حەمرین تا  گوندەكانی شارەدێی قەرەتەپە دژی شانە نوستووەكانی داعش كردەگەلی سەربازی ئەنجام دەدەن.

پارێزگای دیالە لە دوای ساڵی 2003 ەوە بووەتە ناوەندی جەنگێكی تایفی نێوان سوننە و شیعە، لە دوای ساڵی 2014 و هاتنی داعش بۆ پارێزگاكە و دەستبەسەراگرتنی چەند شار و شارۆكەیەك، دۆخێكی تەناهیی نائارام ئەو پارێزگایەی گرتەوە، ئێستەش دوای دەركردنی داعش لەو پارێزگایە، شانە نوستووەكانی داعش دەستیان كردووەتەوە بەچالاكی.



وشە - سیروان