حەشدی شەعبی بە یاسا وەك پاسدارانی ئێرانی لێ دەكرێ

:: AM:11:16:26/10/2016 ‌

دووشەمی ڕابردوو پرۆژە یاسای دەستەی حەشدی شەعبی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرا و بڕیارە لە هەفتەكانی داهاتوو بخرێتە دەنگدانەوە، بەگوێرەی زانیارییە بڵاوكراوەكانیش حەشدی شەعبی دەبن بە سوپای پاسدارانی عێراق و هەمان دەسەڵات و شێوە و سیاسەتی پاسداران بە پێی یاسا بۆیان دەستەبەر دەكرێت.

میلیشیاكانی حەشدی شەعبی نزیكەی 17 گرووپ و میلیشیای جۆراوجۆری شیعە لە حوزەیران/یۆنیۆی 2014 لەسەر فتوایەكی عەلی سیستانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان پێكهێنرا و لەلایەن رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانەوە تاوانبار كراوە بە پێشێل كردنی یاسای جەنگ و بنەماكانی مافی مرۆڤ، بەهۆی سوتاندنی ماڵی خەڵكی لە تكریت و رەشەكوژی سونەكان لە ئەنبار و بۆردمانی هەڕەمەكی هاووڵاتییانی مەدەنی لە فەلووجە و وێران كردن و تەقاندنەوەی 250 مزگەوتی سونەكان، ئەو هێزە بە تەواوی بە هێزێكی مەزەوی و شیعە دادەنرێت و پێشتر میدیاكان بڵاویان كردەوە، كە راستەوخۆ لەلایەن قاسم سولەیمانی و فەرماندە سەربازییەكانی ئێرانەوە سەرپەرشتی دەكرێن و وەك سوپای پاسدارانی ئێران رۆڵیان پێ دەدرێت.

بەگوێرەی رەشنووسی یاسای دەشتەی حەشدی شەعبی، ئەو میلیشیایانە دەبن بە دامەزراوەیەكی حكوومی و سەربازی راستەوخۆ بە فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكان دەبەسترێنەوە، ئەمەش بە تەواوی دژی بنەماكانی دەستووری هەمیشەیی عێراقە كە لە 2005 دەنگی لەسەر درا.

یاساكە دەڵێ، حەشدی شەعبی لە 73 گرووپی تایبەت پێكك دێت لە ژێر ناوی "حەشدی شەعبی" دەبنە بەشێك لە هێزە چەكدارەكانی عێراق و راستەوخۆ بە فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان دەبەسترێنەوە.

ئاماژەی داوە، كە حەشدی شەعبی و هێزەكانی لە نێویاندا لە رووی مەعنەوییەوە شوێن و پێگەیان پێ دەدرێ و تەواوی یاساكانی عێراق دەبێ جێبەجێ بكەن، تەواوی ماف و ئیمتیازاتیشیان بۆ دابین دەكرێ، كە بەگوێرەی یاسای سەربازی و یاساكانی تر بۆیان دیاریی كراوە، یەكە و بارەگەی گشتی و لقیان دەبێ هەریەك لە بەشی كارگێڕی و هونەری و دارایی و رێكخستنیان دەبێ و چی تریش پێویست لە سیستەمی دانانیان كە لەلایەن فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانەوە دیاریی دەكرێ، جێبەجێ دەكرێن.

حەسام سەفار ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی حزبی شیوعی عێراق بە رۆژنامەی "العربی الجدید"ی ڕاگەیاند، ئەو یاسایە دامەزراندنی سوپای پاسدارانی عێراق، بە یاسایی كردنی، دانانی هێزێكی چەكداری تائیفییە لە نێو عێراق لە ژێر كاریگەری ئێراندایە، ئەمەش مەترسیدارە چونكە دەبێتە ململانێكاری سوپا و هێزی نیشتمانی عێراق.

لەلایەكی ترەوە سەركردە لە بەرەكی بزووتنەوەی گەلی عێراق محەمەد عەبدولرەحمان گوتی، یاساكە هانمان دەدا ئێمەش داوای یاسایەك بكەین بۆ چەكدارانی هۆزە عەرەبییەكان، پێویستە ئەوانیش وەك دەستەیەكی لكێنراو بە دەوڵەت پێگە و جێگەی خۆیان هەبێ، ئەگەر حكوومەت و پەرلەمان ئەو یاسایەی ئێمە ڕەت بكەنەوە، ئەوكات وێنەكە بە تەواوی ڕوون دەبێ كە ئامانجی بە یاسایی كردنی حەشدی شەعبی بیری مەزەوی و شیعەگەرایی لە پشتە.

سەرچاوەیەكی باڵا بۆ رۆژنامەكە ئاشكرای كردووە، كە كورد و سونە و مەسیحییەكان لەگەڵ ئەو یاسایە نین، بەڵام تا ئێستە هەڵوێستێكی ڕوونیان بەرامبەر بە یاساكە دەرنەبڕیووە، خۆپارێزی سونە و كورد هەیە، بەڵام بەڕەسمی تا ئێستە هیچیان نەگوتوە، دەیانەوێ لەگەڵ دۆسییەكانی تر ئەوكات رەزامەند بن بەو یاسایە.

بەگوێرەی زانیارییەكانی رۆژنامەكە، قاسم سولەیمانی و كەسانی نزیك لەو پەلەیانە بۆ بە یاسایی كردنی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و دەیانەوێ بەر لەوەی جەنگی مووسڵ كۆتایی پێ بهێنرێت، حەشدی شەعبی یاسا تایبەتەكەی بۆ دەربچوێنرێت.

سەرچاوە: العربی الجدید.




وشە - باز ئه‌حمه‌د