بەرپرسی هێرشە خۆكوژییەكانی داعش لە مووسڵ كوژرا

:: PM:05:15:16/05/2017 ‌
سەرچاوەیەكی تەناهیی عێراق كوشتنی بەرپرسی هێرشە خۆكوژییەكانی ڕێكخراوی داعش و ژمارەیەك سەركردەی تری ئەو ڕێكخراوە تیرۆرستییەی لە هێرشێكی ئاسمانی لە بەری راستی مووسڵ ڕاگەیاند. 

ئاژانسی هەواڵی نیشتیمانی عێراق (نینا) لە زاری سەرچاوەیەكی تەناهییەوە ئەمڕۆ سێشەم ڕای گەیاند، فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان لە بەری ڕاستی مووسڵ خانوویەكیان بۆردومان كردووە كە هی ڕێكخراوی تیرۆرستی داعش بووە. 

سەرچاوەكە ڕوونی كردووەتەوە كە لەو بۆردومانەدا بەرپرسی هێرشە خۆكوژییەكانی داعش و ۱۰ سەركردەی تری ئەو ڕێكخراوەی تیادا كوژراوە، ئاماژەشی بەوە كردووە كە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا تەواوی بەری ڕاستی موسڵ بە تەواوەتی ئازاد دەكرێت.

 لە حوزەیرانی ساڵی ۲۰۱٤ ڕێكخراوی داعش دەستیگرت بەسەر پارێزگای نەینەواو لە 17ی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەری 2016دا جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ دەستی پێ كرد و لە 24ی كانوونی دووەم/یەنایەری ئەمساڵ توانرا تەواوی بەری چەپی شارەكە لە داعش پاك بكرێتەوە، لە 19ی شوبات/فێبرایەریش جەنگی ئازادكردنەوەی بەری راستی شارەكە دەستی پێ كردووە و تا ئێستە جەنگەكە بە سەختی بەردەوامە.



وشە - سیروان