رووسیا: ئامادەین بۆ كردەی سەربازی لە عێراق و لیبیا

:: PM:03:08:26/10/2016 ‌

میخایل بۆگدانۆڤ جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا دووپاتی ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ تاوتوێكردنی داوای هەریەك لە عێراق و لیبیا كرد بۆ بەشداریكردن لە كردگەلی سەربازی لەدژی تیرۆر لەسەر خاكەكانیان ئەگەر داوایان كرد.

ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم"ی ئێرانی رای گەیاند كە بۆگدانۆڤ كە هاوكات نوێنەری تایبەتی سەرۆكی رووسیایە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا، دووپاتی كردووەتەوە كە وڵاتەكەی ئامادەیە بۆ تاوتوێكردنی داوای عێراق و لیبیا ئەگەر داوای بكەن.

بەپێی بەیاننامەیەكی كۆڕبەندی نێودەوڵەتی"فالدای" كە بۆگدانۆڤ بەشداری تیادا كرد، ئەو بەرپرسە رووسیاییە دووپاتی كردووەتەوە كە ماوەیەكی درێژە پرسی جیاكردنەوەی تیرۆریستانی بەرەی نەسرە و ئۆپۆزسیۆنی میانڕەوی سووریا و لەسەر هەموو ئاستەكان لەگەڵ ئەمەریكاییەكان باسی لێوە كراوە.

بۆگدانۆڤ هەروەها رای گەیاندووە كە ئەگەر حكوومەتەكانی عێراق و لیبیا داوای بەشداریكردنی رووسیا لە كردە سەربازییەكان لەدژی تیرۆریستان لەسەر خاكی هەردوو وڵات بكەن ئەوە سەركردایەتی رووسیا تاوتوێی داوەكەیان دەكات و بەگرنگ وەریان دەگرێت. 

17ی ئەم مانگە جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ لە داعش لەلایەن سوپای عێراق و پێشمەرگەی بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەستی پێ كرد، هەرچی لیبیایە لە دوای 2011 و رووخانی رژێمی موعەمەر قەزافی لەو وڵاتە تووشی پشێوییەكی گەورە هاتووە وڵات دابەش بووە، هاوكات داعش لەوێش جێی پێی خۆی كردووەتەوە. 

دوێنێ ئاشتن كارتەر وەزیری بەرگریی ئەمەریكا ئاشكرای كرد كە لە دوای جەنگی مووسڵ و ئازادكردنەوەی شارەكە لە داعش، پێشبینی پاشەكشەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق ناكرێت و ئەوان دەمێننەوە لە عێراق و لە پاڵپشتیكردنی سوپای ئەو وڵاتە بەردەوام دەبن.

سەرچاوە: سپۆتنیك


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل