لێكۆڵینەوەیەكی تازەی زانستی، دەری خستووە كە خەوتنی كەم، سەرنج و كەمەندكێشیی ئافرەت كەم دەكاتەوە و پێچەوانەكەیشی، زیادی دەكات، ئەم بەرئەنجامە زانستییە بۆ كوڕان و پیاوانیش دروستە.
لێكۆڵەرانی ئەو توێژینەوە زانستییە، كە ئەنجامەكەی لە كۆمەڵەی شایانەی زانستی بڵاو كراوەتەوە، ئەوەی دەرخستووە كە ئەگەر بە شەوان خەوی پێویست نەكەن، رووی ئافرەت ناجوان دەكەن و سەرنجڕاكێشییان كەمتر دەكەنەوە.
توێژەران، تاقیكردنەوەیان لەسەر 25 قوتابیی زانكۆ كردووە، كە لە كچان و كوڕانن، داوایان لێ كردوون هەوڵ خەوێكی باش بدەن لە دوو شەوی لەسەریەك، دوای هەفتەیەك داوایان لێ كردوون شەوان تەنیا 4 سەعات بخەون بۆ دوو شەوی لەسەریەك، توێژەران دوای خەوی باش و خەوی كەم، وێنەیان گرتوون، بۆ روونبوونەوەی شێوەیان.
دوای ئەوەی خەوی باشیان كردووە، شێوەیان جوانتر و كراوەتر و سەرنجڕاكێش و كەمەندكێشتر بووە، ئەمەیان لە بەرئەنجامی پرسیاركردن لە 122 كەسەوە لەمەڕ هەردوو جۆری وێنەكە، بۆ دەركەوتووە.