لێپرسینەوە لەگەڵ پارێزگاری مووسڵ دوا خرا

:: PM:05:55:18/05/2017 ‌

بڕیار بوو ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە تۆمەتی تێوەگلان لە گەندەڵی لێپرسینەوە لەگەڵ نەوفەل عاگووب پارێزگاری مووسڵ بكات، بەڵام بەهۆی تەواو نەبوونی ڕێژەی یاسایی ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجوومەنەكە لێپرسینەوەكە بۆ هەفتەیەكی تر دوا خرا.

ئەمڕۆ پێنجشەم 18ی ئایار/ مایۆ، بەشار كیكی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، دانیشتنەكە بۆ دووشەمی داهاتوو دواخراوە، ئەوەش  بەهۆی تەواو نەبوونی رێژەی یاسایی ئامادەبوونی ئەندامان.

كیكی گوتی، لە كۆی 39 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا، ئەمڕۆ تەنیا 18 ئەندام ئامادەی دانیشتنەكە بوون، لەكاتێكدا دانیشتنەكە پێویستی بە ئامادەبوونی پەنجا كۆ یەك هەیە، ئەوەش وای كرد كە ڕێژەی یاسایی تەواو نەبێت، هەروەها پارێزگاری مووسڵیش بە پاساوی مۆڵەتی نەخۆشی ئامادەی دانیشتنەكە نەبووە.

پێشتر ئەندامانی لیستی نەهزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، ئیمزای 13 ئەندامی ئەنجوومەنیان بۆ لێپرسینەوەكە كۆ كردبووەوە، ئەوەش بە هۆی بوونی چەند دۆسیەیەك،  سەرپەرشتیاری هەڵمەتی لێپرسینەوەكەش پێشتر رای گەیاندبوو كە بەڵگەی پێویستیان هەیە‌و ئەگەڕ وەڵامەكان بڕوا پێ هێنەر نەبوون، پرسی سەندنەوەی متمانە دەڕووژێنن.

جەنگی ئازادكردنەوەی پارێزگای نەینەوا لە 17ی تشرینی یەكەمی 2016 دەستی پێ كرد و ئێستەش بەشێكی بەدەست داعش ماوە و شەڕیش بەردەوامە، دوای لادانی ئەسیل نوجێفی پارێزگاری مووسڵ لەلایەن پەرلەمانی عێراق لە پۆستەكەیەوە، نەوفەل عاگووب وەك پارێزگاری نوێ دەست بەكار بوو. 



وشە - رامیار جەواد