حەویجە ناكۆكی دەخاتە نێوان عەرەبەكانی كەركووك

:: PM:09:05:18/05/2017 ‌

هەزاران ئاوارەی شارۆكەی حەویجە لە شارەدێی عەلەمی سەر بەپاێزگای سەڵاحەدین دژی حكوومەتی عێراق رژانە سەر شەقام و داویان كرد كە شارۆكەی حەویجە و دەورووبەری لە داعش ئازاد بكرێتەوە، لەو كاتەی سیاسی و سەرۆك هۆزەكانی عەرەبی سوننە بەشداریان لەو خۆپێشاندانانە نەكرد.

ئەحمەد خورشید ئەندامی ئەنجوومەنی شارۆكەی حەویجە و گوتەبێژی حەشدی عەرەبی بۆ "وشە" گوتی، وەك ئیدارەی شارۆكەی حەویجە و حەشدی عەرەبی بە بەشداری زیاتر لە هەزار ئاوارەی حەویجە خۆپێشاندانمان لە شارەدێی عەلەم ساز كرد.

زیاتر گوتی، داوامان لە سەرجەم سەرۆك عەشیرەتە عەرەبەكانی كەركووك و ناوچەكە كرد بۆ بەشداریكردن لەو خۆپێشاندانە، بەڵام هیچیان ئامادە نەبوون، هەروەها خۆپێشاندران رێگەیان بە مەشعان جبووری پەرلەمانتاری عێراق نەدا كە بێتە ناومان و هەروەها داواشیان لە خالد ئەلمفەرجی پەرلەمانتاری كەركووك لە بەغدا كرد كە ئامادە نەبێت.

لای خۆیەوە ئیسماعیل حەدیدی سەرۆك عەشیرەتی حەدیدكان و جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی سیاسی عەرەبی لە شاری كەركووك بە "وشە"ی راگەیاند، وەك ئەنجوومەن و دەیان سەرۆك عەشیرەتی عەرەبی ئاگەداری خۆپێشاندانەكە نەبووین, بەڵام ئازادكردنەوەی حەویجە داوایەكی رەوایە و خەڵكی ئەو شارۆكە بوونەتە قوربانی و ئۆباڵەكەشی لە ئەستۆی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراقە.

داعش لە حوزەیرانی 2014 ناوچەكانی حەویجە و شارەدێ و گوندەكانی ناوچەكەی داگیر كرد و ئێستەش بەشێكی ئەو ناوچانەی بەدەستەوەیە، هاوكات بڕیار بوو بەر لە دەست پێ كردنی جەنگی مووسڵ، حەویجە ئازاد بكرێتەوە، بەڵام بە بڕیاریكی حكوومەتی عێراق جەنگی مووسڵ دەستی پێ كرد و ئەوەی حەویجە دوا خرا.

داقووق/ زانیار داقوقی


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل