دواین زانیاری شەڕ لە بەری ڕاستی مووسڵ

:: PM:01:02:21/05/2017 ‌

سەرچاوەیەكەی تەناهیی عێراقی ئاشكرای كرد، لەگەڵ نزیكبوونەوەی زیاتری هێزە عێراقییەكان لە ئازادكردنی تەواوەتی گەڕەكەكانی بەری ڕاستی مووسڵ، ژمارەیەك سەركردەی سەربازی داعش لە ناوەندی مووسڵەوە بەرەو شارۆكەی تەلەعفەر هەڵاتن.

ئاژانسی هەواڵی نیشتمانیی عێراق (نینا) ئەمڕۆ یەكشەم لە زاری سەرچاوەیەكی تەناهییەوە بڵاوی كردەوە: شایەتحاڵەكان لە دانیشتووانی گەڕەكە تازە ئازادكراوەكانی بەری ڕاستی مووسڵ ڕایان گەیاندووە، سەر لەبەیانی ئەمڕۆ 15 سەركردەی سەربازی ڕێكخراوی تیرۆرستی داعش لە ناوەندی مووسڵەوە بەرەو شارۆكەی تەلەعفەر هەڵاتوون.

هاوكات هێزەكانی پۆلیس و وەڵامدانەوەی خێرا بەشی باشووری گەڕەكی حەڤدەی تەمووزیان لەبەری رۆژئاوای مووسڵ  كۆنترۆڵ كردووەتەوە و بەوەش تەواوی گەڕەكەكە كەوتووەتە دەستی هێزە عێراقییەكان.

ئەوەشی ڕوون كردووەتەوە كە لە كاتی كۆنتڕۆڵكردنەوەی گەڕەكی حەڤدەی تەمووزدا، حەوت ئۆتۆمبێلی بۆمبرێژكراو پووچەڵ كراونەتەوە.

هاوكات شانەی راگەیاندنی جەنگی عێراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە كردووە، ئێستە داعش لە بەری رۆژئاوای مووسڵ تەنیا ناوچەكانی شیفا و زەنجەلی و باب سنجار و مەیدان و فاڕووقی بەدەستەوە ماوە.
لە 17ی تشرینی یەكەمی 2016 جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ دەستی پێ كرد و تا 24ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ توانرا نیوەی چەپی شارەكە لە داعش پاك بكرێتەوە، لە 19ی شوباتیش جەنگی ئازادكردنەوەی بەری راستی شارەكە دەستی پێ كردەوە و تا ئێستە جەنگەكە بە سەختی بەردەوامە. 

بەری راستی شاری مووسڵ لە رووی رووبەرەوە لە بەری چەپ بچووكترە و 40%ی رووبەری شارەكە پێك دێنێت، بەڵام لە رووی چڕی و ژمارەی دانیشتووانەوە قەلەباڵغترە و بەپێی نەتەوە یەكگرتووەكان نزیكەی 800 هەزار كەس لەو بەرەی شارەكە نیشتەجێن، لەو كاتەی سەرچاوە عێراقییەكان باس لە 650 هەزار كەس دەكەن.



وشە - سیروان