97%ی بەری راستی مووسڵ ئازاد كراوەتەوە

:: PM:09:07:21/05/2017 ‌

سەرچاوەیەكی فەرمی عێراقی دووپاتی كردەوە كە 97%ی بەری راستی مووسڵیان لە چەكدارانی داعش پاك كردووەتەوە، لەو كاتەی سوپای عێراق كوژرانی والی كاروباری كارگێڕی نەینەوا و رەققەی داعش لە بۆردمانێكی ئاسمانیدا كوژراوە.

بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئەمڕۆ یەكشەم رای گەیاند كە محەمەد مجبل جەواری بەرپرسی هەماهەنگی كردە سەربازییەكانی داعشیان لە گورزێكی ئاسمانی سوپای عێراق لە ناوچەی زەنجیلی لە بەری راستی مووسڵ كوشتووە كە هەروەها بەم دواییە وەك والی كاروباری كارگێڕی نەینەوا و رەققەی داعش دامەزراوە.

بەپێی نەخشەیەكی جەنگ و پێشڕەوییەكانی هێزەكانی عێراق كە ئەمڕۆ لەلایەن راگەیاندنی جەنگی عێراقەوە بڵاو كراوەتەوە ئەوەی لە بەری راستی شارەكە بەدەستی داعشەوە ماوە رووبەرێكی زۆر كەمە كە پێشبینی دەكرێت بەم نزیكانە ئەویش ئازاد بكرێتەوە.

لای خۆیەوە حوسام عەبار ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رای گەیاند كە هێزە هاوبەشەكانی عێراق 97%ی بەری راستی شارەكەیان ئازاد كردووەتەوە و تەنیا سێ گەڕەك بەدەستی داعشەوە ماوە ئەوانیش شیفا و زەنجیلی و سیحەن، بێجگە لە مووسڵی كۆن، كە بە تەواوكردنی كۆنترۆڵكردنی ئەو گەڕەكانە هێرش بۆسەر مووسڵی كۆن دەست پێ دەكات.

بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵگری عێراق ئێستە زیاتر لە 450 چەكداری داعش لەو گەڕەكانەی مووسڵ كە ماون گەمارۆ دراون و زۆرینەیان بیانین.

لە 17ی تشرینی یەكەمی 2016 جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ دەستی پێ كرد و تا 24ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ توانرا نیوەی چەپی شارەكە لە داعش پاك بكرێتەوە، لە 19ی شوباتیش جەنگی ئازادكردنەوەی بەری راستی شارەكە دەستی پێ كردەوە و تا ئێستە جەنگەكە بە سەختی بەردەوامە. 

بەری راستی شاری مووسڵ لە رووی رووبەرەوە لە بەری چەپ بچووكترە و 40%ی رووبەری شارەكە پێك دێنێت، بەڵام لە رووی چڕی و ژمارەی دانیشتوانەوە قەلەباڵغترە و بەپێی نەتەوە یەكگرتووەكان نزیكەی 800 هەزار كەس لەو بەرەی شارەكە نیشتەجێن، لەو كاتەی سەرچاوە عێراقییەكان باس لە 650 هەزار كەس دەكەن. 

  سەرچاوە: رووسیا ئەلیەوم







وشە - مه‌حموود ئیسماعیل