سەرۆك كۆمار ئێزیدییەكان تووڕە دەكات

:: AM:09:59:22/05/2017 ‌


دوای ئەوەی فوئاد مەعسووم سەرۆك كۆماری عێراق لە لێدوانێكی بۆ میدیاكانی عەرەبی و جیهانی لەبارەی ئێزیدییەكانەوە گوتی، لە بنەڕەتدا ئەوانە پاشماوەی ئاینی زەردەشتین و كتێبەكەیشیان ئیسلامییە كە لەسەری پابەندن و دەڕۆن. ئەمەش ڕەخنەی توندی لەلایەن ئێزیدییەكانەوە لێ كەوتووەتەوە و دەپرسن هێندە بێ ئاگا و نەزانی كە ئێزیدی تێكەڵ بە دوو ئاینی تر كردووە.

لە ڕوونكردنەوەیەكدا بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری ئێزیدییەكان لە وەزارەتی ئەوقافی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی داوە، فوئاد مەعسووم سەرۆك كۆماری عێراق لەمیانەی لێدوانی بۆ كەناڵە عەرەبی و جیهانییەكان لە ئوردن، لە وەڵامی پرسیاری هۆی كۆمەڵكوژی ئێزیدی و مەسیحییەكان لە دەست زوڵم و زۆرداری داعش چییە؟ لە وەڵامدا مەعسووم وێڕای قسەی زۆر پێناسەی ئێزیدییەكانی كردووە و دەڵێ، ئەوان پاشماوەی زەردەشتییەكانن و لەسەر پەیام و كتێبی ئیسلامیش دەڕۆن.

لە ڕوونكردنەوەكە هاتووە، چۆن دەبێ سەرۆكی وڵات هیچ زانیارییەكی لەبارەی مێژووی گەلەكەی نەبێ و مێژوو و ڕاستییەكان بشێوێنێت، ئەمە لە نەزانی و بێ ئاگایییەوەیە یان..؟ ئێزیدییەكان سەرەڕای ڕێزی زۆریان بۆ ئاینی زەردەشتی و ئیسلام هەیە، بەڵام بەهیچ شێوەیەك ئەمەی مەعسووم گوتوویەتی ڕاستی نییە و ئێزیدی نە ئیسلامن نە زەردەشتی.

ئێزیدییەكان دەڵێن، ئەم شێواندنە بە ئەنقەستە یان لە نەزانییەوە، یاخود بەردەوامی ئەو زنجیرەیە كە ئێزیدییەكانیان بە ئامانج گرتووە و دەیانەوێ ئازاریان بدەن و بە هەموو ئامرازێك دژایەتییان بكەن، ئەمە لە كاتێكدایە ئاینی ئێزیدی ئاینی باوك و باپیرانی خەڵكی ئەو ناوچەیە و سەرەتای بانگەشەیە بۆ یەكتاپەرستی، هاوبەش بۆ خودا دروست ناكات.

ئاماژە دراوە، پێوست بوو سەرۆك كۆماری عێراق بەر لەوەی ڕاستییەكان بشێوێنێت، لە خۆی بپرسیایە بەر لە هاتنی داعش چی بۆ ئێزیدییەكان كرد و دوای داعش چییان بۆ دەكات، چونكە ئێزیدییەكان پێكهاتەیەكی گەلی ئەم ناوچەیەن و دەپرسێ سەرۆك كۆمار چەند جار سەردانی كەمپی ئێزیدییەكانت كردووە كە ئاوارە و دەربەدەر بوون، پێشوازیت لە چەند ئافرەتی ئێزیدی ڕزگاركراوی ژێر دەستی داعش كردووە و لە ڕووی مادی و مەعنەوییەوە چەند هاوكاری ئاوارەكان و ئافرەتە ڕزگاركراوەكانت كردووە.

سەرچاوە/شەفەق نیوز.



وشە - باز ئه‌حمه‌د