مەلایەكی كورد ژنێكی هاوسەردار دەخوازێت

:: AM:11:29:22/05/2017 ‌

مەلا زانیار، لە بنچینە خەڵكی دەرەوەی هەولێرە و خاوەنی ٨ منداڵە، دوای ئەوەی خوشكی هاوڕێكەی تووشی كێشە دەبێت لەگەڵ هاوسەرەكەیدا، ئەو وەك مەلا و هاوڕێی براكەی كە ٢٠ برادەرن، دەكەوێتە نێوانیان، بەڵام لەبری چارەسەركردنی كێشەكەیان، پێوەندی خۆشەویستی لەگەڵ دروست دەكات و داواتریش پێكەوە هەڵدێن. چیڕۆكی مەلا و خوشكە هاوسەردارەكەی برادەری مەلا، ئاوا دەست پێ دەكات.
دوای ئەوەی مەلا زانیار لە هەولێر بە مەلای مزگەوت وەردەگیرێت، ماڵەكەی لە دەرەوەی شارەوە دەگوازێتەوە ناو هەولێر، ماڵی هاوڕێ دێرینەكەیشی كە لە هەولێرە وەك ماڵی دووەمی خۆی دەبێت و هاتوچۆ بەردەوامە لە نێوانیاندا. مەلا چەند جارێك "نەشمیل" دەبینێت لە ماڵی هاوڕێكەی و ئیتر وەك خۆی دەڵێ "ئاشقی دەبێت و تاریكی شەو بە خەیاڵی نەشمیلەوە بە رووناكی رۆژ دەسپێرێ".
 مەلا زانیار دەڵێت هێندە هۆگری ئەو ژنە بووە، پێی نەشاراوەتەوە و نەشمیل هەستی پێ كردووە. رۆژێك مەلا ئۆقرە ناگرێت و باسی دڵی بۆ نەشمیل دەكات، ئەویش پێی رازی دەبێت و دڵی خۆی بەیان دەكات كە مەلای خۆش دەوێ. پێوەندیی نەشمیل و مەلا زانیار لەوێوە دەستی پێ كرد، بەڵام شاراوەیە.
مەلا زانیار شانازی دەكات بەوەی هێندە پێوەندییەكەیان قووڵ و پڕ سۆز بووە، نەشمیل رۆژ لەدوای رۆژ كێشەی لەگەڵ هاوسەرەكەیدا زیاتر بووە، تا دەگاتە رادەی تۆران، كاتێك دەتۆرێ ئەحمەدی برای نەشمیل كە برادەری مەلایشە، داوا لە مەلا دەكات تا كێشەی خوشكەكەی بۆ چارەسەر بكات، بەڵام ئەو چونكە خۆی لە ئەشقی نەشمیلدا دەژی، هەوڵی جیابوونەوەیان دەدات. بۆیە نەشمیل سێ مانگ لە ماڵی باوكی دەمینێتەوە تا ئەوكاتەی لەگەڵ مەلا پێكەوە دەیانگرن.
ئەو سڕ هەڵماڵینە، ژووانە شیرینەكەی مەلا تاڵ دەكات كە وای كردبوو ماڵ و منداڵەكەی بچنەوە بۆ لای باوان بە سەردان و ئەویش ژووان لەگەڵ نەشمیل بكات، بەڵام مێردەكەی نەشمیل لەمێژە گومانی هەبوونی پێوەندی لە نێوان مەلاو ژنەكەیدا لا دروست بووە، بۆیە هەمیشە چاودێری كردوون بە تایبەت لە رێی ماڵی هاوڕێیەكی كە هاوسێی ماڵی مەلا بوون. 
نەشمیل دوای نیوەڕۆیەك خۆی دەكات بەلای مەلادا و چەند سەعاتێك لەوێ دەمێنێتەوە، لەكاتی دەرچوونیدا هاوڕێی مێردەكەی دەیبینێت، هەر ئەوكات بە مێردەكەی دەڵێت و ئیتر بە گوتەی مەلا زانیار، "سەعاتێك قیامەت هەستا" مێردەكەی پێش نەشمیل دەگاتە ماڵی باوكی نەشمیل و پێیان دەڵێت كچەكەتان بە تەنیا لە ماڵی مەلا بووە، لەبەرئەوە كە نەشمیل دەگاتەوە ماڵی باوكی، رۆژی رەشی ژیانی بینی.
مەلا كە ئێستەیش بە ئەشقەوە باسی نەشمیل دەكات و فرمێسكی بۆ دەڕژێت، بە گریانەوە گوتی "هێندەیان لە نەشمیل دابوو بە هەموویان تا هەفتەیەك لە نەخۆشخانە كەوت، منیش لە ترسی ئەوەی نەمكوژن خۆم ون كرد"، بەڵام بەو حاڵەیشەوە لە رێی تەلەفۆنە نهێنییەكەی نێوانیانەوە هەردووكیان ئاگایان لە یەك دەبێت.
مەلا زانیار رێنوێنی نەشمیل دەكات بچێت بۆ شەڵتەر و تەڵاق وەربگرێت، دواتر پێكەوە را دەكەن و نایشارێتەوە كە بەهۆی ئەو رووداوەوە، "ئاگام لە منداڵ و ژنەكەم نەمابوو" چونكە لەوكاتەدا خەمی هەرە گەورەی مەلا ئەوە بووە بە زووترین كات نەشمیل جیا ببێتەوە و لە شەڵتەر دەریبێنن و پێكەوە بڕۆن.
نەشمیل چەند مانگێك لە شەڵتەر دەمێنێتەوە، مەلا زانیار دەڵێت، پارێزەرەكانی شەڵتەر كاری جیابوونەوەكەیان بۆ تەواو كردووە، دواتر لە شەڵتەر دەریدێنێت و بە دزی ماڵی باوكیەوە بە بیانووی ئەوەی ئەگەر بزانن دەیكوژن.
نەشمیل و مەلا دەچنە یەكێك لە گوندەكانی سەر سنووری باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستان و لەوێ دەبن بە مەلا و مەلاژن. مەلا زانیار نایشارێتەوە كە لەو گوندە بە شیرین و فەرهاد ناسرا بوون، هەر رۆژە و لە ماڵێك میوان بوون. بەڵام جگە لە موختاری گوندەكە، هیچ كەسی تر بە چیرۆكی ئەو دووانەی نەزانیوە. 
بەگوتەی مەلا زانیار، لەو گوندەدا وەك شا و شاژن ژیاون بۆ جارێكیش كێشەیان نەبووە، ئەو مەلای مزگەوت بووە و مەلاژنیش لە ماڵەوە خەڵكی گوندەكە هەم خزمەتیان كردووە و هەمیش نەیانهێشتووە لە هیچیان كەم بێت، بێئاگا لەوەی ئەو دوو رووخسارە پڕ لە پێكەنینە، دەیان رووخساریان بە خەم و گریانەوە جێ هێشتووە.
مەلا زانیار كە دەگاتە باسكردنی ئەم بەشەی چیڕۆكەكەی، زیاتر سوێند دەخوات و قورگی پڕتر دەبێت، "رۆژی هەینی بوو و چووم بۆ وتارخوێندن، بۆ نیوەڕۆیش لەگەڵ مەلاژن و موختار لە ماڵێكی گوندەكە میوان بووین، بەڵام نانەكەمان نەخوارد". چونكە وەك خۆی دەڵێ كە كاتێك مەلا زانیار دەچێتەوە ماڵ دەبینێ مەلاژن خەڵتانی خوێن كراوە.
هەر لەوێ مەلا بەتۆمەتی كوشتنی ژنەكەی دەگیرێ، هەرچەندە خەڵكی گوند شاهیدی بوون كە لەكاتی رووداوەكە گوتاری داوە لە مزگەوت، بەڵام گوێی لێ ناگیرێت و ماوەی سێ رۆژ لە بنكەی پۆلیس دەیهێڵنەوە و دواتر دەبرێت بۆ گرتووخانەی هەولێر، دادگا بڕیاری بەندكردنی بۆ ماوەی دوو ساڵ بەسەردا سەپاند، چونكە هیچ بەڵگەیەك نایسەلمێنێت مەلا زانیار نەشمیلی كوشتبێت. بەڵام تا ئێستە بكوژەكەی نەشمیل بە نادیاری ماوەتەوە.

هەولێر- ئیڤان عەبدولڕەحمان



وشە - تایبه‌ت