حەشدی شەعبی بۆچی بەرەو سنووری عێراق سووریا پێشڕەوی دەكات؟

:: PM:05:07:22/05/2017 ‌

راپۆرتەكانی هەواڵ ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە هێزەكانی حەشدی شەعبی پلانیان هەیە بۆ داخستنی سنوورەكانی عێراق سووریا لە رێگەی ئەنجامدانی كردەی سەربازی لە ناوچەكانی دەوروبەری مووسڵ، بەمەبەستی رێگرتن لە دزەكردنی چەكدارانی داعش، گوتەبێژی هۆزە عەرەبییەكانی نەینەواش هۆكارەكەی روون دەكاتەوە.

ئاژانسی هەواڵی "فارس نیوز"ی ئێرانی لە رۆژنامەی "ئێسڤێستیا"ی رووسیایی گواستەوە كە هێزەكاتنی حەشدی شەعبی كە ئێستە بەشدارن لە جەنگی داعش لە پارێزگەی نەینەوا، پلانیان هەیە بۆ پێشڕەویكردن بەرەو سنوورەكانی عێراق سووریا و داخستنی ئەو سنوورە، ئەوەش وەك هەوڵێك بۆ رێگرتن لە چەكدارانی داعش لە هەڵاتن بەرەو سووریا و بەپێچەوانەشەوە. 

رۆژنامە رووسیاییەكە لە ئیحسان شمەری شارەزای تەناهی گواستەوە كە ئەو جموجۆڵەی حەشدی شەعبی هاوكاتە لەگەڵ كۆتاهاتنی جەنگی مووسڵ و ئەو هەڕەشانەی كە رەنگە تیرۆریستان لە ناوچە سنووریەەكان دروستی بكەن. 

لای خۆیەوە شێخ موزاحم ئەحمەد حوێت گوتەبێژی هۆزە عەرەبییەكانی پارێزگەی نەینەوا دەڵێت كە مەبەستی سەرەكیی حەشدی لە داخستنی سنوورەكانی نێوان عێراق و سووریا تەنیا بۆ رێگرتن لە هاتوچۆی چەكدارانی داعش نییە، بەڵكو بۆ چەند مەبەستێكە، كە یەكێك لەوانە رێگرتنە لە هاتوچۆی داعش و مەبەستی سەرەكیی ئەوان كردنەوەی رێڕەوێكی زەوینییە لە نێوان ئێران و عێراق و سووریا و لبنان، چونكە وەك دەزانن كە داعش لە ئەنبار و سەڵاحەدینیش هەیە، بەڵام بۆچی ئەوان دەیانەوێ بەرەو سنوورەكانی سووریا پێشڕەوی بكەن.

زیاتر گوتی، هاوكات لەگەڵ پێشڕەوییەكانی حەشدی شەعبی بەرەو سنوورەكانی سووریا، رژێمی ئەسەدیش لەودیو سنوورەوە دەستی كردووە بە رەوانەكردنی هێزەكانی بەرەو ناوچەكانی قامیشلی و چەند ناوچەیەكی تر، جیا لە رەوانەكردنی هێز لەلایەن حزبوڵای لبنانییەوە، تەنانەت هێزەكانی سەر بە پەكەكەش هاتنە ناو بابەتەكەوە، ئێستە بەشێكی حەشدی شەعبی سەر بە ئێرانن و ناكەونە ژێر باری فەرمانەكانی حەیدەر عەبادی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق.

حوێت ئاماژەی كرد، ئەو هێزانە سەر بە ئێرانن و نووری مالیكی سەرپەرشتیان دەكات و خودی حەشدی شەعبیش دان بەوەدا دەنێن كە مالیكی جارێكی تر بۆ دەسەڵات دەگەڕێتەوە، دووپاتی كردەوە كە ئەو جموجۆڵەی حەشدی شەعبیش لە چوارچێوەی پڕۆژەیەكی ئێرانییە، ئێمە بەر لە ماوەیەك داوامان لە ئەمەریكا كرد و بەم نێزیكانەش چاومان بەوان دەكەوێت بەمەبەستی رێگرتن لە حەشدی شەعبی لە گەیشتن بە ناوچەكانی ئێزدینشین و عەرەبییەكانی ناو سنووری مادەی 140ی دەستوور، ئەوەش بۆ ئەوەی فیتنەیەكی تایفی دروست نەبێت لە نێوان عەرەب و كورد و كەمینە ئاینییەكانی تریش.

ئەو ئاماژە دەكات كە مەبەستی حەشدی شەعبی لەو ناوچانەدا سووتاندن و تاڵانكردن و نانەوەی فیتنەیە وەك ئەوەی لە باشوور و رۆژهەڵاتی مووسڵ دروستی كردووە، ئەمڕۆش هەوڵ دەدات لە رۆژئاوای مووسڵ بیچێنێت، ئەوەش پلانێكی ئێرانی سووریایی بە هاوپەیمانیەتییە لەگەڵ پەكەكە و ئەجیندای دەرەكیییە بۆ كردنەوەی ئەو رێگەیە، هەروەك دەشزانن كە هەموو هێڵە ئاسمانییەكانی نێوان ئێران و سووریا لەلایەن هاوپەیمانانەوە چاودێریان لەسەرە، بۆیە ئەوان دەیانەوێ هێڵێكی زەوینی لە نێوانیان بكەنەوە بۆ گواستنەوەی چەك و چەكدار لە ئێرانەوە بۆ ئەو وڵاتانە.

لەبارەی هەڵوێستی ئەمەریكا لە بەرامبەر پێشڕەوییەكانی حەشدی شەعبی بەرەو سنوورەكانی سووریا، گوتەبێژی هۆزە عەرەبییەكانی نەینەوا گوتی، ئێمە وای دەبینین كە سەردانەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بۆ سعوودیە ئەنجامی كاریگەری دەبێت و ئەگەری چارەسەركردنی زۆر كێشەی هەیە بەتایبەتی وەدەرنانی ئێران لە عێراق و وڵاتانی ناوچەكەوە، ئێمە بەر لە ماوەیەك كە دیداری ئەمەریكاییەكانمان كرد و نارەزایی خۆمانمان پێ راگەیاندن لەبارەی بوونی حەشدی شەعبی لە ناوچەكە، پێیان گوتین كە ئێمە لەپاڵ ئێوەین. 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل