مووسڵ چەندی بە دەستی داعشەوە ماوە؟

:: PM:06:36:22/05/2017 ‌

فەرماندەی كردەوەگەلی "قادیمون یا نەینەوا" رای دەگەیەنێت كە ئەمڕۆ دووشەم گەڕەكێكی تری بەری راستی مووسڵیان لە داعش ئازاد كردووەتەوە.

فەریق روكن عەبدولئەمیر رەشید یارەڵا فەرماندەی كردەوەگەلی "قادیمون یا نەینەوا" لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە هێزەكانی عێراق توانیان گەڕەكی نەجاڕ لە بەری راستی شاری مووسڵ ئازاد بكەنەوە.

شایەنی باسە بەپێی دوایین نەخشەی كردەوەگەلی سەربازی ئازادكردنەوەی مووسڵ لە چەكدارانی داعش ئەو ناوچانەی بەدەستی رێكخراوەكەوە ماون بریتین لە زەنجیلی و شیفا و باب سنجار و مووسڵی كۆن.

دوێنێ حوسام عەبار ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رای گەیاند كە هێزە هاوبەشەكانی عێراق 97%ی بەری راستی شارەكەیان ئازاد كردووەتەوە و تەنیا گەڕەكەكانی شیفا و زەنجیلی و سیحە و مووسڵی كۆن، ماون، لەو كاتەی بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵگری عێراق زیاتر لە 450 چەكداری داعش لەو گەڕەكانەی مووسڵ كە ماون گەمارۆ دراون و زۆرینەیان بیانین.

لە 17ی تشرینی یەكەمی 2016 جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ دەستی پێ كرد و تا 24ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ توانرا نیوەی چەپی شارەكە لە داعش پاك بكرێتەوە، لە 19ی شوباتیش جەنگی ئازادكردنەوەی بەری راستی شارەكە دەستی پێ كردەوە و تا ئێستە جەنگەكە بە سەختی بەردەوامە. 

بەری راستی شاری مووسڵ لە رووی رووبەرەوە لە بەری چەپ بچووكترە و 40%ی رووبەری شارەكە پێك دێنێت، بەڵام لە رووی چڕی و ژمارەی دانیشتوانەوە قەلەباڵغترە و بەپێی نەتەوە یەكگرتووەكان نزیكەی 800 هەزار كەس لەو بەرەی شارەكە نیشتەجێن، لەو كاتەی سەرچاوە عێراقییەكان باس لە 650 هەزار كەس دەكەن. 

سەرچاوە:شەفەق نیوز



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل