ئەو تیمە پزیشكییە ئاشكرا بوو كە نەشتەرگەری بۆ گەنجەكەی كەلەكچی ئەنجام دا

:: PM:04:51:23/05/2017 ‌

بەیانی ئەمڕۆ ماڵپەڕی "وشە" راپۆرتێكی لەبارەی گیان لەدەستدانی گەنجێك لە نەخۆشخانەی ئازادی دھۆك بڵاو كردەوە و بەگوێرەی راپۆرتەكە، برایەك بەشێك لە جگەری خۆی بەخشییە براكەی، بەڵام خۆی گیانی لە دەست دا و براكەشی لە مردن رزگار كرد. ئاشكرا بوو چ تیمێكی پزیشكی ئەو نەشتەرگەرییەی ئەنجام داوە.

لە چەند رۆژی رابردوودا تیمێكی پزیشكی ئەمەریكی گەیشتە شاری دھۆك و لە نەخۆشخانەی ئازادی دھۆك دەستی بە نەشتەرگەرییەكە كرد، 
شاندە ئەمەریكییەكە بۆ مەبەستی چەند نەشتەرگەرییەك لە دھۆكن. بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، تیمەكە بۆ چەند حاڵەتێكی نەشتەرگەری كۆئەندامی ھەرس، گورچیلە، مێشك، میزەڕۆ، دەمار و چەند نەشتەرگەرییەكی تر لە دھۆكن.

بەیانی ئەمرۆ سێشەم عەبدوڵا شكاك ھاوڕێی ئەو نەخۆشەی كە لە ئەنجامی نەشتەرگەری گیانی لە دەست دا بە "وشە"ی راگەیاندبوو، ئەو ھاوڕێیەی بۆ رزگاركردنی گیانی براكەی بەشێك لە جگەری خۆی بەخشی، بەڵام لەكاتی ئەنجامدانی نەشتەرگەری خۆی گیانی لە دەست دا و براكەشی رزگاری بوو.

ئەو كەسەی  گیانی لە دەست داوە، ناوی نەوزاد ئەحمەدە و براكەشی ناوی عیسا ئەحمەدە و ھەردووكیان تەمەنیان لە نێوان ٣٥ بو ٣٧ ساڵدایە، لە شارەدێی كەلەكچی سەر بە شارۆكەی شێخان نیشتەجێن و خێزاندارن.

شێخان / نەوزاد ھلۆری:




وشە - سلێمان تاشان