گاردیان:پەكەكە و پەیەدە پاسەوانیی رێڕەوەی ئێران بۆ سه‌ر ده‌ریای ناوه‌ڕاست ده‌كه‌ن

:: PM:01:56:09/10/2016 ‌
رۆژنامەیەكی بەریتانی لە راپۆرتێكدا ئاماژە بەوە دەكات، كە ئێران لە رێی عێراق و سووریاوە دەیەوێ رێڕەوێكی ئارام بۆ خۆی دروست بكات، تا بگاتە سەر دەریای ناوەڕاست و بۆ ئەو مەبەستەش هێز و گرووپەكانی سەر بەخۆی كردووەتە قەڵغان بۆ رێڕەوەكە، پەكەكە و پەیەدەش بە بەشێك لەو هێز و گرووپانە ناوی هاتووە، كە شەنگال و قامیشلۆ و كۆبانی و عەفرین لە چوارچێوەی رێڕەوەكە دەپارێزن و قاسم سولەیمانی فەرماندەی گشتیی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، راستەوخۆ سەرپەرشتی دەكات و پڕۆژەكەش نزیك بووەتەوە لە جێبەجێكردنی تەواوەتی.

رۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی لە ڕاپۆرتێكدا بڵاوی كردووەتەوە، كە ئێران نزیك بووەتەوە لە تەواوكردنی پڕۆژە ستراتیجییەكەی لە دروستكردنی ڕێڕەوێك كە بە نێو عێراق و سووریا دەڕوات و وڵاتەكە دەگەیەنێت بە بەندەری لازقیەی سووریا لەسەر دەریای ناوەڕاست.

رۆژنامەی "گاردیان" لە راپۆرتێكدا ئاماژەی داوە، هێزێكی زۆری میلیشیاكانی شیعە لەسەر هێڵی پڕۆژە ستراتیجییەكەی ئێران بڵاوەیان پێ كراوە، ماوەی سێ دەیەشە ئێران بۆ ئەو مەبەستە كار دەكات، ئێستەش ئەو میلیشیایانە دەیانەوێ رۆڵیان هەبێ لە رزگاركردنەوەی مووسڵ، هەوڵیش دەدەن رێگەی رۆژئاوای مووسڵ لە تیرۆریستان بگرن، بۆ ئەوەی لەكاتی هەوڵدان بۆ هەڵاتن بەرەو سووریا ڕووبەڕوویان ببنەوە.

ئاماژەی داوە، ئەركی سەرەكی میلیشیاكانی شیعه لە شەڕی مووسڵ، بەدیهێنانی ئامانجی ئێران دەبێ بۆ گەیشتنە دەریای ناوەڕاست.

لە راپۆرتەكەدا هاتووە، دوای 12 ساڵ لە ململانێی ناوخۆیی و پێنج ساڵیش لە شەڕی قورسی ناوخۆیی لە سووریا، ئێستە نزیكترن و باشترین كاتە بۆ ئەوەی ئێران پێی لە ناوچەكە درێژ بكات، فرەوانخوازی لە سەر خاكی وڵاتانی عەرەبی بكات.

بەرپرسێكی ئەوروپی بە "گاردیان"ی ڕاگەیاندووە، ڕووداوەكانی پێنج ساڵی ڕابردوو لە سووریا دەریخست كە ئێرانییەكان كار دەكەن بۆ جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە كە پێشتریش باسی لێوە دەكرا، بۆ ئەوەی هێز و پێگەی تاران بگاتە سەر دەریای ناوەڕاست و گرووپ و هێزەكانی سەر بە ئێرانیش ئەو ڕێڕەوەی ئێران لە رووی تەناهییەوە بە درێژایی ناوچەكە دەپارێزن.

ئێران دەیەوێ ئەو رێڕەوە بە نێو دۆست و دوژمنەكانی دروست بكات، پاشەكشەش لەو پڕۆژەیە ناكات، بۆیە توركیاش هەستی بەوە كردووە كە ئێران كار بۆ پڕۆژەیەكی لەو چەشنە دەكات، بۆیە دەستی بە جموجۆڵ كرد بۆ باكوری سووریا لە مانگی ئاب/ئۆگستسەوە.

هاوكات ئاماژە دراوە، پلانی دروستكردنی ئەو رێڕەوە لە نێوان گەورە بەرپرسانی حكوومی و تەناهیی تاران و بەغدا و دیمەشق هەماهەنگی كراوە و سەری ڕمی سیاسەتی دەرەوەی ئێران و فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانیش سەرپەرشتی دەكات.

"گاردیان" هێمای بۆ ئەوەش كردووە، پلانی ئەو رێڕەوەی پێویستی بە گۆڕینی دیموگرافیای دانیشتووان لە ناوەڕاستی عێراق و سوریا هەیە، بە نزیكەییش ئەوە ئێستە جێبەجێ كراوە.

نووسیویەتی، ئەو رێڕەوەی ئێران بە شاری بەعقووبەی سەنتەری پارێزگای دیالە تێپەڕ دەبێ و دەكەوێتە 60 كیلۆمەتر باكوری بەغدا كە ناوچەیەكی تێكەڵە لە سونە و شیعە، ماوەیەكی زۆریش ململانێی مەزەوی و خوێنڕێژی تێدا بەردەوام بوو، لە بەعقووبەوە درێژ دەبێتەوە بۆ شەڕگات لە پارێزگای سەڵاحەدین كە لە مانگی ڕابردوو میلیشیاكانی شیعە و هێزەكانی عێراق كۆنتڕۆڵیان كردەوە.

دوای شەڕگات، راپۆرتەكە ئاماژە بە هەوڵدانی ئێران دەكات بۆ كۆنتڕۆڵكردنی شەنگال و تەلەعفەر، ئێستە لە شەنگال هێزەكانی پەكەكە هەن كە بە رەزامەندی سووریا و راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق فالح فەیاز سەرەتا رۆیشتنە ناوچەكە.

روونی كردووەتەوە، لە دەروازەی رەبیعەی نێوان عێراق و سووریا ڕێڕەوەكەی ئێران بە قامیشلۆ و كۆبانێ و دواتر بۆ عەفرین درێژ دەبێتەوە، كە بە پشتیوانی ئەسەد و ئێران، پەیەدە و یەپەگە كۆنتڕۆڵیان كردووە و دوای عەفرینیش رێڕەوەكە دەگاتە حەلەب و لەوێوەش دەگاتە بەندەری لازقیەی سەر دەریای ناوەڕاست.

تاران هەموو توانای خۆی دەخاتە گەڕ بۆ جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە و تا ئێستەش شەش هەزار میلیشیای شیعەی عێراق لە بەشی رۆژهەڵاتی عێراق لەو پلانە دەستبەكارن بۆ بەشداری لە شەڕی مووسڵ.

وشە/گاردیان، و:باز ئەحمەد.


وشە - باز ئه‌حمه‌د