وەزارەتی دەرەوەی ئێران: پێوەندیمان لەگەڵ تاڵیبان هەیە

:: PM:12:15:24/05/2017 ‌

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە دیدارێكی ڕۆژنامەوانی ئاشكرای كرد، لەگەڵ ڕێكخراوی تیرۆریستی تاڵیبان پێوەندی و گفتوگۆمان هەیە و ڕەتیشی كردەوە ئێران چەك و پارە بە حووسییەكانی یەمەن و سووریا بدات.

بەهرام قاسمی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە دیدارێكی ڕۆژنامەوانی گوتی، پێوەندییەكانمان لەگەڵ سعوودیە پێویستی بە نێوەندگیر نییە، چونكە بە جۆرێك ئاڵۆز نییە، ئەوەی لە پێوەندی نێوان هەردوو وڵات گرژی لێ دروست كردووە، تۆمەت ئاراستەكردنی ئێرانە لەلایەن سعوودیەوە دوای ڕێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ڕۆژئاوا كە زۆر لە وڵاتان ترسیان لێ نیشت، ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆی دووقۆڵی و چارەسەركردنی كێشەكان.

لەبارەی سووریاوەش بەهرامی گوتی، ڕێگە نادەین سووریا دابەش ببێ و دەمانەوێ كارەساتەكان كەم بكەینەوە، دووپاتیش لە گفتوگۆ و دانوستاندنی سیاسی لە نێوان لایەنە ناكۆكەكان دەكەینەوە، لەگەڵ ڕووسیاش لەسەر ئەوە ڕێك كەوتووین كە سەرەتا شەڕی تیرۆر لە سووریا ئەنجام بدرێ، بۆ ئەمەش هاریكاری و هەماهەنگیمان هەیە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی دا، ئاسایش و ئارامی ئەفغانستانی دراوسێمان پێوەستە بە ئاسایش و ئارامیی ئێرانەوە، بۆیە نێوەنگیری لە نێوان حكوومەتی ئەفغانستان و تاڵیبانیش پێویستی بە نێوەندگیر هەیە و ئێمەش پێوەندی و گفتوگۆمان لەگەڵ تاڵیبان هەیە، بۆ ئەوەی پەرە بە پێوەندییەكان و ئەركە هاوبەشەكان بدەین.





وشە - باز ئه‌حمه‌د