زانكۆی گەرمیان 13 توێژینەوە لە ئێران دەخاتە روو

:: PM:06:02:24/05/2017 ‌

لە چوارچێوەی هەوڵەكانی زانكۆی گەرمیان بۆ ناساندنی زانكۆكە لە دەرەوەی كوردستان، بە هاوئاهەنگی زانكۆیەكی ئێران كۆنفراسێكی زانستیان لە ئێران ساز كرد و تیایدا زانكۆكە 13 توێژینەوەی جۆراوجۆری پێشكەش كرد و سەرۆكی زانكۆی گەرمیانیش رای دەگەیەنێت كە خەڵاتی باشترین توێژینەوە بە زانكۆكەیان دراوە. 


دكتۆر فارووق عەبدوڵا سەرۆكی زانكۆی گەرمیان لەو بارەوە بە "وشە"ی راگەیاند، كۆلیژی پەروەردەی زانكۆی گەرمیان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ زانكۆی "ئەزن ششتەر" كە لە شاری شیرازی سەنتەری پارێزگای فارسە لە ئێران، هەفتەی رابردوو كۆنفراسێكی زانستییان ساز كرد.

زیاتر گوتی، لەو كۆنفرانسەدا زانكۆی گەرمیان 13 توێژینەوەی بە زمانی ئینگلیزی لە بوارەكانی كۆمەڵناسی و كولتووری و وێژەیی و بواری تر پێشكەش كرد، هەروەها خەڵاتی باشترین توێژینەو بە توێژینەوەكانی زانكۆی گەرمیان درا.
 
سەرۆكی زانكۆی گەرمیان ئەوەشی خستە روو كە پاش ئەوەی سروودی نیشتیمانی ئێران لێ درا، سروودی ئەی رەقیبیش وەك سروودی نیشتمانی لێ درا و ئەوەش مایەی سەربەرزی بوو بۆ ئێمە، دووپاتیشی كردەوە كە لەمڕۆوە دەستمان كردووە بە سازدانی كۆنگرەی رۆژنامەنوسی بۆ خستنەڕووی ئەو هەنگاوە گرنگە.

لای خۆیەوە پیگا عەلی خانمە مامۆستای زانكۆی رۆژهەڵاتی بە "وشە"ی راگەیاند كە ئێرانییەكان بەلایانەوە گرنگە كە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان هاوئاهەنگیان لەگەڵیاندا هەبێ و روونی كردەوە كە بۆ داهاتوو پلانی هاوبەش لە ئارادایە بۆ ئەوەی زانكۆی گەرمیان بە نێودەوڵەتی بكرێ و توێژینەوەكانی بباتە ئەو وڵاتە.

گەرمیان/ سەبری هۆرینی 






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل