لە گەرمیان دەست بەسەر ئۆتۆمبێلی ژمارە كاتی دەگیرێت

:: PM:07:04:24/05/2017 ‌

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بڕیاری دا كە بۆ هاتنەژوورەوەی ئۆتۆمبێلی ژمارە كاتی ئەمساڵ رێوشوێنی توند بگیرێتە بەر، بەڵام هاتنی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە بۆ گەرمیان بەردەوامە، هاتوچۆی گەرمیانیش رای دەگەیەنێت كە دوای ئەو وادەی دیاری كراوە دەست بەسەر ئۆتۆمبێلی ژمارە كاتیدا دەگیرێت.

عەقید ناسڕ ئەحمەد بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتوچۆی ئیدارەی گەرمیان بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمساڵ وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێم بڕیاری دا كە رێگە نەدات ئۆتۆمبێلی ژمارە كاتی بهێندرێتە هەرێمی كوردستانەوە، تا بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆ رێوشوێنی پێویست نەگرنە بەر بۆ دەركردنی بەڵگە و سەرەتاكانی ئەو ئۆتۆمبێلانە كە هەڵگری ژمارەی كاتین.

زیاتر گوتی، لەو بەروارەی كە حكوومەت داینا تا 20/4 لە سنووری گەرمیان، رێوشوێنی دەركردنی بەڵگەمان بۆ هەزار و 552 ئۆتۆمبێل دەركرد و بە سیدی رەوانەی وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆی هەرێممان كرد.

دووپاتی كردەوە كە لە دوای ئەو بەروارە هەر كەس ئۆتۆمبێلی ژمارە كاتی هەبێت، دەستی بەسەردا دەگرین.

لە تازەترین رێنوێنیشدا ئەوەی كاری یاسایی یان مامەڵە بكات بۆ ئۆتۆمبێل، دەبێ فۆڕمی دەنگدانی كۆمیسیۆنی هەبێت، لەو بارەوە نەقیب كارزان مەجید بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی هاتوچۆی گەرمیان بە "وشە"ی راگەیاند ، بۆ ئەوەی زیاتر دڵنیا بین لەو هاووڵاتییانەی سەرجەم پێداویستییە یاساییەكانیان هەیە، داوای فۆڕمی كۆمیسیۆنیش لە هاووڵاتییان دەكەین.

زیاتر گوتی، هەر كەس بێتە لامان رەوانەی بنكەی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی كەلاری دەكەین كە لە نێو تەلاری پاسپۆرتی گەرمیانە، تا زیاتر دڵنیا بین كە هەموو پێداویستییەكی هەیە و بشزانین كە ئەو هاووڵاتییە شوێنی دەركردنی فۆڕمی كۆمیسیۆنی لە چ ناوچەیەكە.

گەرمیان / سەبری هۆرینی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل