نێچیرڤان بارزانی و عەممار ئەلحكیم كۆبوونەوە

:: PM:07:50:26/10/2016 ‌



لەشاری هەولێر نێچیرڤان بارزانی و عەممار ئەلحكیم كۆبوونەوە و سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی سەرەخۆشی لە كەس و كاری پێشمەرگە كردوو و هیوای زوو چاكبوونەوەی بۆ بریندارەكان خواست .

ماڵپەری سەرۆكایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردۆتەوە سەرۆكی حكوومەت و سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق كۆبوونەتەوە و چەند پرسێکیان تاوتوێکردووە.

دەقی ڕاگەیەندراوی ماڵپەری سەرۆكایەتی حكوومەتە .

نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 26-10-2016 نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوزای لە عەممار ئەلحەكیم سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا كە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران و ژمارەیەك لە وەزیر و كاربەدەستانی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، باس لە دوا پێشهاتەكانی ڕووداوەكانی ناوچەكە كرا بەتایبەتی هەماهەنگیی پێویست و تەواو لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ ڕزگاركردنی مووسڵ و دەوروبەری و لەمبارەیەشەوە عەممار حەكیم سەرەخۆشی لە كەسوكاری شەهیدانی پێشمەرگە و سوپای عێراق كرد و هیوای چاكبوونەوەی بۆ برینداران خواست.

دووپاتیشی كردەوە كە ئۆپەراسیۆنەكانی مووسڵ سەلماندی ئەگەر ئیرادەی سیاسی هەبێت، دەكرێت هەماهەنگیی پێویست بكرێت و بەردەوامیش دەبن لەم هەنگاوانە و هیوای خواست لە ماوەیەكی زوودا عێراق بەگشتی لەو مەینەتییە ڕزگاری ببێت.

لای خۆیەوە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و هەماهەنگی و هاوكاریی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقی فیدراڵی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش و ڕزگاركردنی مووسڵدا بەرز نرخاند، هەروەها جەختی لەوەش كردەوە كە لەو هەماهەنگییەیان لەگەڵ حكوومەتی فیدرال بەردەوام دەبن.

ئاماژەی بەوەش دا كە هەرێمی كوردستان ئامادەیە هەموو كێشەكانی لەگەڵ بەغدا بە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ چارەسەر بكات و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغداش لە داهاتوودا بەهێزتر و باشتر بكرێت و لەمبارەیەشەوە هەوڵەكان بەردەوامن، هەروەها جەختی لەوەش كردەوە كە پێویستە بەغدا لە پرسی ئاوارەكانی دەستی تیرۆر كە پێشبینی دەكرێت ژمارەیەكی زیاتریان ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن، هاوكاریی حكوومەتی هەرێم بكات تا بتوانرێت باشتر هاوكاریی ئاوارەكان بكرێت.



رامیار جواد



وشە - ڕێبین محه‌مه‌د